حکومەتی عێراق بەشەخۆراکی مانگانەی خاوەن پێداویستی تایبەت‌و چاودێریی کۆمەڵایەتی زیاد ده‌کات
  2023-01-21       334       


حکومەتی عێراق بڕیاریداوە بەشەخۆراکی مانگانەی خاوەن پێداویستی تایبەت‌و چاودێریی کۆمەڵایەتی زیاد بکات، په‌رله‌مانتارێكی‌ كوردیش لەپەرلەمانی عێراق دەڵێت، کار دەکەن ئەو بڕیارە هەرێمی کوردستانیش بگرێتەوە.

ئاوێنه‌:  ڤیان سەبری، سەرۆکی فراکسیۆنی پارتی دیموکراتی کوردستان لەپەرلەمانی عێراق، به‌ماڵپەڕی فەرمی حزبه‌كه‌ی‌ وتووه‌، ''بەهەماهەنگی لەگەڵ هەردو وەزارەتی کارو کاروباری کۆمەڵایەتی و بازرگانی لەهەردو حکومەتی عێراق و هەرێمی کوردستان کار دەکەین‌و لەهەوڵداین بۆ ئەوەی خاوەنپێداویستیی تایبەت و چاودێریی کۆمەڵایەتی لەهەرێمی کوردستان لەو پێشنیارەی حکومەتی عێراق بۆ زیادکردنی بەشەخۆراکی مانگانەی هاوڵاتیان سودمەند بن.''

ئاماژه‌ بۆ ئه‌وه‌ش ده‌كات، ''سەردانی وەزارەتی بازرگانی و کاروباری کۆمەڵایەتی حکومەتی عێراقمان کردووەو لەگەڵ وەزارەتی کاروباری کۆمەڵایەتی و وەزارەتی بازرگانی حکومەتی هەرێمیش لەسەر خەتین بۆ ئەوەی هەرێمی کوردستانیش بگرێتەوەو ڕەزامەندیی سەرەتاییش هەیە، چونکە ئەوانەی عێراق لەم مانگەوە بەشەخۆراکیان زیاد دەکرێت و کار دەکەین بۆ ئەوەی هەرێمی کوردستانیش بگرێتەوە.''

هەر لەو بارەیەوە نەوزاد شێخ کامیل، بەڕێوبەری گشتی وەزارەتی بازرگانی حکومەتی هەرێمی کوردستان ده‌ڵێت، ''بڕیارە بەشەخۆراکی مانگانەی خاوەنپێداویستیی تایبەت و چاودێریی کۆمەڵایەتی زیاد بکرێت و ئەو بڕیارە هەرێمی کوردستانیش دەگرێتەوە.''

ده‌شڵێت، ''ئەو ماددانەی زیاد دەکرێن، لیترێک زەیت و یەک کیلۆ شەکرو کیلۆیەک ئاردی سفرو 200 گرام چاو 250 گرام شیرە، له‌ئێستادا کار دەکەین لەگەڵ وەزارەتی کاروباری کۆمەڵایەتی بۆ ئەوەی لیستی ناوەکان ئامادە بکەین کە لای ئەوان ناوی هەموویان هەیە تا لەو بڕیارە سودمەندبن و ڕەوانەی بەغدا بکرێن و ئەو بڕیارە ئەوانیش بگرێته‌وه‌".

زۆرترین بینراو
© 2023 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×