شۆفێرانی گەراجی بەغدا لە سلێمانی، داوا دەکەن کە ڕێگری بکرێت لە گواستنەوەی هاووڵاتیان بۆ شاروشارۆچکەکان لە دەرەوەی گەراجی بەغدا، لە ئەگەری وەڵام نەدرانەوەیان خۆپیشاندان ئەنجام دەدەن.
ئاوێنە: لە بەردەم بینای پارێزگای سلێمانی شۆفێرانی گەراجی بەغدا كۆبونەوە و لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەنووسیدا ناڕەزایەتیان دەربڕی، بەپێی وتەکانیان نارەزایەتیەكەیان لەوە سەرچاوە دەگرێ كە لە شەکرەکە و تاسڵوجە ئەو تاکسیانەی کە خاوەن هێڵی گواستنەوەنین سەرنشین بۆ شاروشارۆچکەکان دەگوازنەوە، ئەمەش زیانی بۆ داهاتی ئەوان هەبووە.
پێشتر شۆفێران ناڕەزایەتییان بەرامبەرئەم تێرمیناڵە نوێیە دەربڕی بە هۆكاری دووری تێرمیناڵەکە لە ناوشارەوە بە بەراورد بە پێشتركە گەراجی بەغدا لە ناوچەی پیشەسازی سلێمانی بووە، بەڵام بەپێی وتەی خۆیان لە ئاسایش، پۆلیس، هاتوچۆ و گواستنەوەی و گەیاندنی سلێمانی بەڵێنیان پێداون ڕێگەنادرێت جگە لە شۆفێرانی تێرمیناڵەکە هیچ شۆفێرێک هاووڵاتیان بگوازێتەوە.
نوێنەری شۆفێرانی تێرمیناڵەکە ڕایگەیاند: پێشتر بەڵێنیان پێدراوە تا پاس دابینکرێت بۆ گواستنەوەی هاووڵاتیان لە ناوشارەوە بۆ تێرمیناڵەکە، بەڵام ئێستا چەندین شۆفێر کە خاوەنی هێڵی گواستنەوەی دەرەوەی شار نین هاووڵاتیان بۆ دەرەوەی شاری سلێمانی دەگوازنەوە.
جەزا بێسەری نوێنەری شۆفێران لە تێرمیناڵەکە ڕوونی كردەوە: کە ١٢ ئۆتۆمبێل و حەوت پاسی بچوک ئێستا لە دەرەوەی تێرمیناڵەکە هاووڵاتیان دەگوازنەوە، کە کەسێک لە پشتەوە پارێزگارییان لێدەکات، ڕێگانادات هیچ ڕێوشوێنێک بەرامبەر ئەو کارە نایاساییە گیرێتەبەر.
ئاماژەی بەوەش كرد: ئەگەر کێشەکانیان چارەسەر نەکرێت، ئەوا خۆپیشاندان ئەنجام دەدەن و شەقامەکان دەگرن، چوار خێمە وەک ئاماژەیەک بۆ ئەو چوار بەڵێنەی لە ئاسایش، پۆلیس، بەڕێوەبەرایەتی گواستنەوە و گەیاندن و بەڕێوەبەرایەتی هاتوچۆ هەڵدەدەن و کارەکانیان ڕادەگرن.