حاکم رزگار: دادگای فیدڕڵی عێراق لە بنەڕەتدا یاساکەی نادەستورییە
  2023-01-27       713       

حاكم رزگار محەمەد ئەمین، ئەندامی پێشوی دادگای پێداچونەوەی هەرێمی کوردستان، رایگەیاند، دادگای فیدڕاڵی عێراق "لە بنەڕەتدا یاساکەی نادەستورییە"و راشیگەیاند، بەرپرسانی کورد درکیان بە بایەخی ئەو دادگایە لەسەر داهاتوی بڕیاردان لە عێراقدا نەكردوە.

ئاوێنە: حاكم رزگار محەمەد ئەمین، لە وتوێژێكدا لەگەڵ دەنگی ئەمریكا، راشیگەیاندوە"من بۆچونم وابو دەبێت ئەو بڕیارانەی دەردەچن سەبارەت بە هەرێمەکان دەبێت ڕێژەیەکییان بۆ دیاری بکرێت لە دەنگداندا نەک بە زۆرینە و کەمینە بێت. من کاتی خۆی ئاگاداری لایەنی سیاسیم کردۆتەوە بە نامەی تایبەتی لەوبارەیەوە."

هەروەها رەخنەی لە هەڵوێستی دو ئەندامە کوردەکەی دادگای فیدڕاڵی گرت لە بڕیارەکە و ڕاشیگەیاند، "ئەگەر من بومایە لەوانەیە بهاتمایەتە دەرەوە لە دانیشتەکە و بێگومان رونکردنەوەشم دەدا چونکە بابەتێکی بەتەنها یاسایی نییه،‌ بەڵکو بابەتێکە پەیوەندی بە ژیان و گوزەرانی ملیۆنەها خەڵکەوە هەیە."

دەقی وتوێژەكە.

دەنگی ئەمەریکا: بەشێک لە بەرپرسانی کورد دادگای فیدڕاڵی عێراق بە لایەندار تۆمەتبار دەکەن. تۆ وەکو کەسێکی یاسایی ئەمە چۆن دەبینیت؟

حاکم ڕزگار: من پێوایە لە بنەڕەتدا یاسای دادگاکە یاسایەکی نادەستورییه،‌ چونکە بەپێی ماددەی (92) بڕگەی (2) لە دەستوری عێراق دادگاکە پێکنەهاتوە کە پێویستە شارەزا لە فیقهی ئیسلامی و یاساناس لە یاسا و دادوەری تێدابێت. ئەوەی لە ئێستادا کاری پێدەکات بێگومان ئەو یاسا دەستورییە نییە دەسەڵات و پێکهاتەکەی وەکو دەستور نییە. پێکهاتەی دادگاگەکە وەکو ماددەی (92) بڕگەی (2) دەستور نییه.‌

لای من پرسیار دروست دەکات بۆچی دەبێت دادگایەک دروست بکرێت لەبنەڕەتدا دەستوریی نەبێت.

دەنگی ئەمەریکا: ئەمە چ کاریگەری دەبێت لەسەر دروستی ئەو بڕیارانەی دادگاکە دەریاندەکات؟

حاکم ڕزگار: دادگاکە وەکو واقیعی هەیە ئەگەرنا بەپێی یاسایەکی نادەستوری دامەزراوە. هەرێمی کوردستانی کە خۆشی دەناڵێنێت بەدەستیەوە و ئینکاری لێدەکات ئەوانیش ئەندامیان هەیە لەوێ ئەندامەکانیشیان بەڕێگەی پشک لەنێوان پارتی دیموکراتی کوردستان و یەکێتی نیشتیمانی کوردستان دایە. وە بە سەپاندنی تەنانەت ئیرادەی بەغدادیش بەسەر هەرێمی کوردستاندا لە بابەتێکیاندا، دادگای دەستوریی باڵای فیدڕاڵی دەبێت پشکنین بۆ ئەو بڕیار و ڕێکارانە بکات کە دەستورین یان نا دەستورین.

دەنگی ئەمەریکا: پێتوایە ئەم دادگایە کەوتۆتە ژێر کاریگەری سیاسی و هەستی نەتەوەیی لە بڕیارەکانیدا؟

حاکم ڕزگار: پرسیارەکە هەڵەیە. خۆی تەنانەت ئاو وهەواش کەوتۆتە ژێر کاریگەری سیاسیەوە. کام دەزگایە هەیە لەعێراقدا لەژێر کاریگەری سیاسی نەبێت و بەپیشەیی تەواوی خۆی هەڵبسێت؟ هەمویان لەژێر کاریگەری سیاسیدان تەنانەت دانانیش بەپێی پشککاری دادەنرێت.

دادوەر دەبێت لەسەرو هەمو ڕەچاوکردنێکی مەزهەبی و نەتەوەیی بێت. من دەڵێم بابەتەکە بەدەر نییە لە کاریگەری پشکداری حزبی، مەرج نییە بەناوی مەزهەبەوە یان نەتەوەوە شتێک دەکات. بەڵام لە بابەتێکی ئاوادا کە پەیوەندی بە ژیان و ئابوری ناوچەیەکەوە هەیە دەبێت ئەم دادگایە هەڵوێستەکەی هەڵوێستێکی حقوقی-ماف بێت... کێشە هەیە لەنێوان حکومەتی هەرێم و حکومەتی بەغداد لەسەر ئەوەی هەرێم داهات نانێرێت. ئەوە نابێت ڕێگر بێت لەوەی شایستەی دارایی خەڵکی کوردستانی عێراقی بفەوتێنرێت. ئەوە بابەتێکە و ئەمەش بابەتێکی ترە، نابێت قوتی خەڵک ببێت بە بابەتێکی سیاسی.

بێبەش کردنی کۆمەڵێک خەڵک لە هەرێمێکدا یان هەرشوێنێکی عێراقدا لەوەی کە بێبەش ببن لە بودجەی عێراق نەدەستوریە و نەهاوڕایە لەگەڵ مافی مرۆڤ و نەکارەکەش مرۆڤانەیە...دادگای فیدڕاڵی بەتەنها دادگایەکی شکلی داخراوی بچوک نییه،‌ ئەقڵ بچوک نییە وابەستە بێت بە قەزیەی نێوان ژن و مێردێک کە لەیەکتری جیادەبنەوە. بەڵام من مەزەندە دەکەم ئەو دادگا فیدڕاڵیە بۆ دەوڵەتێک بێت کە تێیدا ڕێز لە دەستور بگرێت. دادگای دەستوری لە عێراقدا، بەپێی یاسای بنەڕەتی ساڵی ،1925 هەمیشە ئەو دادوەرانەی لەوێ دانراون دەبێت لە دادوەری دادگای تەمیز بن...عێراق بەڕاستی ئەزمونی لەسەر دادگای دەستوریی نییه.

دەنگی ئەمەریکا: ئایا دادوەرە کوردەکان دەیانتوانی دژی ئەو بڕیارە بوەستنەوە؟ دەیانتوانی واژوی نەکەن؟

حاکم ڕزگار: لەناو دەستەی قەزاییدا بەزۆرینە و کەمینە بڕیار دەردەچێت، بەڵام هەمو دادوەرانەی لە دادگادان ئازادن لەوەی ڕای خۆی دەربڕێت و ڕای پێچەوانەکەشی خۆی ڕون بکاتەوە. بڕیار کە دەردەچێت بە زۆرینەیە.

من پێموایە هەر لە بنەڕەتدا هەرێمی کوردستان گوێی بەوە نەداوە کە دادگایەکی باڵای فیدڕاڵی دروست ببێت...بەبۆچونی من هەرێمی کوردستان ئەو ئیدراکەیان نەبوە لەسەر بایەخی ئەو دادگایە. من بۆچونم وابو دەبێت ئەو بڕیارانەی دەردەچێت سەبارەت بە هەرێمەکان دەبێت ڕێژەیەکی بۆ دیاری بکرێت لە دەنگداندا نەک بە زۆرینە و کەمینە بێت. من کاتی خۆی ئاگاداری لایەنی سیاسیم کردۆتەوە بە نامەی تایبەتی لەوبارەیەوە.

دەنگی ئەمەریکا: ئەگەر ئێوە ئەندامی دادگاکە بونایە چیتان دەکرد وەکو دادوەرێکی کورد؟

حاکم ڕزگار: هەڵەبەتە هەڵوێستی یاسایی خۆمم دەبو لەناو دەستەکه.‌ پێویستە بە گفتوگۆی برایانە بۆ ڕاکێشانی رای ئەندامەکانی تر و بە گفتوگۆی یاسایی ڕازیکەر یەکەمجار ئەو ڕێگەیە بگیرێتەبەر، ئەگەر ئەو ڕێگەیە سەرکەوتو نەبو ، ئەگەر من بومایه،‌ لەوانەیە بهاتمایەتە دەرەوە لە دانیشتەکه.‌ بێگومان ڕونکردنەوەشم دەدا چونکە بابەتێکی بەتەنها یاسایی نییه،‌ بەڵکو بابەتێکە پەیوەندی بە ژیان و گوزەرانی ملیۆنەها خەڵکیەوە هەیە. پێویستە ڕونیش بکرێتەوە ئەگەر پەیوەندی بە هاوڵاتیەکی بەسرە یان کوت و ڕومادیەوە هەبێت ئەگەر بڕوام پێی نەبێت بەرگری لەو خەڵکەی دەرەوەی هەرێمی کوردستانیش دەکەم وەکو دادوەر چونکە دادوەر دەبێت (مجرد) بێت. من بە دادوەری پشککاری باوەڕم نییە. دادوەر واتە ویژدان و یاسا چونکە قسەکردنە لەسەر دەستور و پاراستنی ماف و ئازادییەکان.

دەنگی ئەمەریکا: بۆچی تۆ نەبونە ئەندامی ئەو دادگایە لەکاتێکدا دادوەرێکی ناسراویت لەسەر ئاستی عێراق و هەرێمی کوردستان؟

-حاکم ڕزگار: کاتێک کە دادوەر دادەنرێت لە دادگای فیدڕاڵی دەبێت لە لیهاتوترین و بەرزترین باڵای ئەو دادوەرانە بن کە لەعێراقدان. من نازانم بۆ دانەنراوم. هەڵەی ئەوانەیە کە بڕیاریانداوە بۆ دانانی دادوەرەکان. ناوەکەم نێردرابو، بەڵام ناوی منیان گۆڕیوه.‌ ئەوە دەکرێت لە کاک دکتۆر بەرهەم ببپرسن کە ئەوکاتە سەرۆک کۆمار بوە و مەرسومێکی کۆماری واژو کردوە ناوی منی تێدانەبوە لەکاتێکدا خۆی یەکێک بوە لەوانەی پشتگیری لەوە دەکرد من بچمە ئەوێ.

دەنگی ئەمەریکا: دوای ئەو بڕیارەی دادگای فیدڕاڵی چارەنوسی کورد بەکوێ دەگات ؟

حاکم ڕزگار: ئەوە بابەتێکی سیاسیە و من نازانم. ئەو حزبانەی حوکمی کوردستان دەکەن با ئەوان بڕیاری تێدا دەربکەن.

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×