شاخەوان عەبدوڵڵا لایەنێك بە هۆكاری نەناردنی 400 ملیارەكە تۆمەتبار دەكات
  2023-01-27       861       

جێگری دووەمی سەرۆكی ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق، لایەنێك بەهۆكاری پشت دەركردنی بڕیارەكەی دادگای فیدراڵی بۆ نەناردنی شایستە داراییەكانی هەرێم تۆمەتبار دەكات، راشیدەگەیەنێت، ئەو لایەنە دەستی لەبەرزبوونەوەی بەهای دۆلار هەیەو هەركات نزیكبوونەوە لەنێوان هێزو لایەن و پێكهاتەكانی عیراق دروست بێت، هەوڵی تێكدانی ئەو یەكڕیزی و تەباییە دەدات.

ئاوێنە: شاخەوان عەبدوڵڵا، لە نوسینێكدا كە لە ئەكاونتی تایبەتی خۆی بڵاویكردووەتەوە، زانیاری لەبارەی هۆكارەكانی پشت دەركردنی بڕیارەكەی دادگای فیدراڵی تایبەت بە نایاساییبوونی ناردنی شایستە داراییەكانی هەرێم،  نووسیویەتی "پێش بڕیاری دادگای ئیتحادی، ماوەی نزیكەی دوو مانگە لایەنێك وەزیری دارایی عیراقی ئاگاداركردەوە لەوەی بڕیاری ناردنی 400 ملیارەكەی هەرێم رابگرێت و رەوانەی نەكات".

جێگری دووەمی سەرۆكی پەرلەمانی عیراق، ئاشكرایكردووە، هەمان ئەو لایەنە پەرلەمانتارەكەشی راسپارد بۆ ئەوەی ئیمزا لەسەر سكاڵایەك بكات و پێشكەشی دادگای بكات لەدژی ناردنی ئەو پارەیە، بێ ئەوەی ناوەڕۆكەكەی بخوێنێتەوە، هەرهەمان لایەن فەرمانی بەدادگای ئیتحادی كرد بڕیارەكەی لەبەرژەوەندی سكاڵاكە بێت و لەدژی هەرێم بڕیار بدات.

ئاماژەی بەوەشكردووە كە هەمان لایەن دەستی هەیە لەبەرزبوونەوەی بەهای دۆلار لەڕێگای بەقاچاغبردن و ئاودیوكردنی سەدان ملیۆن دۆلار رۆژانە، فەرمانیشی بەدادگای ئیتحادی كرد بڕیار لەدژی یاسای نەوت و گازی هەرێم بدات.

شاخەوان عەبدوڵڵا، بێ ئەوەی ناوی ئەو لایەنە ئاشكرابكات، باسی لەوەكردووە كە هەركات نزیكبوونەوە لەنێوان هێزو لایەن و پێكهاتەكانی عیراق دروست بێت، هەوڵی تێكدانی ئەو یەكڕیزی و تەباییە دەدات، بەوتەی خۆی "چونكە یەكڕیزی پێكهاتەكانی عیراق بە مەترسی بۆسەر بەژەوەندییەكانی خۆی دەزانێت".
 
راشیگەیاندووە، ئەوەی جێگای سەرنجە كارەكتەرەكانی ئەو لایەنە بۆ جێبەجێكردنی ئەجێنداكانی لەعیراق، هێزێكی ناوخۆیی عیراقەو بەشێكیشە لە هاوپەیمانی ئیدارەی دەوڵەت.

شاخەوان عەبدوڵڵا، كە هاوكات ئەندامی سەركردایەتی پارتییە، هیوای خواستووە هێزو لایەنە سیاسییەكانی عیراق هەڵوێستی روونیان هەبێت لەبەرامبەر ئەو پێشیلكارییانەی لەدژی هەرێمی كوردستان ئەنجام دەدرێت، راشیگەیاندووە "دڵنیابن سنوورێك بۆ زیادەڕۆییەكانی دادگای ئیتحادی دادەنرێت".

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×