دادگای لێكۆڵینەوەی كەرخ فەرمانی بانگهێشتكردنی بۆ شاخەوان عەبدوڵا دەكرد
  2023-01-29       1219       

دادگای لێکۆڵینەوەی سێیەمی کەرخ، فەرمانی بانگهێشتكردنی بۆ شاخەوان عەبدوڵا جێگری دووەمی سەرۆکی ئەنجومەنی نوێنەرانی‌ عێراق بۆ بەردەم دادگاكه‌ دەرکرد.

ئاوێنە: بڕیارەكە ئەمڕۆ یەكشەممە، لەراگەیەنراوێكی دادگای باڵای فیدراڵی عێراقدا ئاماژەی پێكراوەو تیایدا هاتووە "فەرمانەكەی دادگای كەرخ لەسەر سكاڵایەكی دادگای باڵای فیدراڵی بووە، دژی ناوبراو، بەهۆی تانەدان لە سەربەخۆیی دەسەڵاتی دادوەریی و دەستتێوەردان لەكاری دادگای باڵای فیدراڵیی، هەروەها زیادەڕۆیكردن لەسەری، لەگەڵ پێشێلكردنی پیرۆزیی بڕیارەكانی دادگاكە بە پێچەوانەی دەستوری یاساوە".

ئەو بانگهێشتكردنە دوای بڕیاری دادگای باڵای فیدراڵی عێراق دێت لە دۆسییەكدا لەسەر نایاساییبونی بڕیاری ناردنی پارە لە حكومەتی عێراقەوە بۆ هەرێمی كوردستان لە 25ی ئەم مانگە، ئەوەش لەكاتێكدابوو حكومەتی عێراق بڕیاریدابوو بڕی 400 ملیار دینار بۆ هەرێمی كرودستان بنێرێت.

شاخەوان عەبدوڵا، كە لەسەر پشكی پارتی دیموكراتی كوردستان بۆتە جێگری دووەمی سەرۆكی پەپرلەمانی عێراق، لە 27ی كانونی دووەم، لەنوسینێكیدا رەخنەی لە بڕیارەكەی دادگا گرت و لە بەشێكیدا دەڵێت، "ماوەی نزیکەی دوو مانگە لایەنێک وەزیری دارایی عیراقی ئاگادارکردەوە لەوەی  بڕیاری ناردنی 400 ملیارەکەی هەریم رابگرێت و رەوانەی نەکات... هەمان ئەو لایەنە پەرلەمانتارەکەشی راسپارد بۆ ئەوەی ئیمزا لەسەر سکاڵایەک بکات و پێشکەشی دادگای بکات لە دژی ناردنی ئەو پارەیە بێئەوەی ناوەڕۆکەکەی بخوێنێتەوە".

بانگهێشتكردنەكەی شاخەوان عەبدوڵا، بەپێی ماددەی 229 لە یاسای سزادانی عێراقی بووە. بەپێی ئەو ماددەیە هەركەسێك سوكایەتی و هەڕەشە لە دادوەر یان دادگا بكات لەكاتی راییكردنی كارەكانی، یان بەهۆی ئەوەوە بێت، ئەوا بە دەستگیركردن لە سێ ساڵ زیاتر نەبێت، لەگەڵ غەرامەی ماددی سزادەدرێت، یان یەكێك لەو دوو سزایە.

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×