بهرپرسێكی وەزارەتی بازرگانی و پیشەسازی حكومهتی ههرێم دهنگۆی زیادكردنی پارهی بهشهخۆراكی مانگانهی هاوڵاتیان ڕهتدهكاتهوه. دهشڵێت، کوالیتیی خۆراکەکان بەرز کراوەتەوەو کار دەکەن ئەو کەسانەی تۆڕی چاودێریی کۆمەڵایەتی دەیانگرێتەوە، ئەو بەشەخۆراکە زیادەی لە پارێزگاکانی تری عێراق دابەش دەکرێت، کوردستانیش بگرێتەوەو لیستەکەی لەگەڵ وەزارەتی کار ئامادە دەکەن.
ئاوێنه: نەوزاد شێخ کامیل، بەڕێوەبەری گشتی بازرگانی لەوەزارەتی بازرگانی و پیشەسازی لهلێدوانێكی ڕۆژنامهوانیدا ڕایگەیاندووه، ئەو دەنگۆیەی بڵاوبۆەتەوە کە بڕی پارهی بهشه خۆراكی مانگانه بۆ ههر نهفهرێك له ٧٥٠ دینارهوه کرابێتە ١٠٠٠ دینار، ناڕاستەو هیچ بڕیارێک نییە پارەکە زیاد بکرێت بۆ ١٠٠٠ دینار.
وتیشی، "ئێستا دۆشاو، زەیت و شەکرو فاسولیاو نۆک و لەتکەنۆک و نیسک و برنجەکەی بووەتە تایلەندی و کوالیتەکەیشی بەرز کراوەتەوە. برنجەکە گلەیی هەیە لەسەری کار دەکرێ لەسەر باشترکردنی کوالیتیی برنجەکە و بەردەوامیشین لەگەڵ وەزارەتی بازرگانیی بەغدا لەسەر خەتین تاکوو گلەییی هاوڵاتیان لەسەر خۆراکەکان بەردەوام و قۆناغ بە قۆناغ چاک بکرێن".
ئاماژەی بۆ ئەوەش کردووه، "دابەشکردنی بەشەخۆراک لە هەولێر و سلێمانی دەستیپێکردووە، لەچەند ڕۆژی داهاتودا لەدهۆکیش دەستپێدەکات".
نەوزاد شێخ کامیل ڕاشیگهیاندووه، "ئەو خێزانانەی خاوەنپێداویستیی تایبەتیان هەیە و تۆڕی چاودێریی کۆمەڵایەتی دەیانگرێتەوە مانگانە کیلۆیەک شەکر و یەک لیتر زەیت و ٢٠٠ غرام چایی و ٢٥٠ غرام شیر لەگەڵ بایەعی بەو خێزانانە دەدرێ، ئێستا کوردستانی نەگرتووەتەوە و لەگەڵ وەزارەتی بازرگانی قسەمان کردووە کوردستانیش بگرێتەوە و ئێستا وەزارەتی کار و کاروباری کۆمەڵایەتی سەرقاڵی دروستکردنی لیستەکەن بۆ بەرزکردنەوەی بۆ بەغدا".
دهشڵێت، لەساڵی ڕابردودا بەهۆی نەبونی گەنم لەکوردستان پێنج بەشەئارد دابەشکراوەو لەپارێزگاکانی تری عێراق ٧ بەشەئارد دابەشکرا، "ئێستا ڕێ کراوەتەوەو گەنممان بەسەر ئاشەکاندا دابەشکردووە".