حاكم قادر: ھێشتا كات ماوە كورد نێو ماڵی خۆی ڕێكبخاتەوە
  2023-01-29       476       


حاكم قادر حەمەجان جه‌خت له‌وه‌ ده‌كاته‌وه‌ كه‌ ھێشتا كات ماوە كورد نێو ماڵی خۆی ڕێكبخاتەوەو سەرجەم لایەنەكان بەیەك پاكێج بڕۆنەوە بەغدا بۆ پارێزگاریكردن لەبەرژەوەندیەكانی گەلی كوردستان.

ئاوێنه‌: له‌كۆبونه‌وه‌یدا له‌گه‌ڵ وه‌فدی‌ حزبی شیوعی كوردستان، حاكم قادر حەمەجان ئەندامی ئەنجومەنی باڵای سیاسی و بەرژەوەندییەكانی یەكێتی ڕایگه‌یاند، "بەداخەوە لەئێستادا عێراق و هەرێم بە قۆناغێكی بێ متمانەی سیاسی و دابڕانی لایەنە سیاسیەكاندا تێدەپەڕێت و ھێشتا كات ماوە كورد نێو ماڵی خۆی ڕێكبخاتەوەو سەرجەم لایەنەكان بە یەك پاكێج بڕۆنەوە بەغدا بۆ پارێزگاریكردن لە بەرژەوەندیەكانی گەلی كوردستان."

‏‎ئاماژه‌ بۆ ئه‌وه‌ش كراوه‌ كه‌ "پێویستە خاڵی ھاوبەشی ھەموو لایەنە سیاسییەكان ئاسایی كردنەوەی بارەدۆخی ھەرێمی كورستان بێت و ئەم قۆناغە پێویستی بە یەکگرتوویی و یەکڕیزی هەیە و ئەگەر یەکگرتوو و یەکڕیز نەبێت، دەبێت چاوەرێی بڕیاری تریش بین لەدژی گەلی كوردستان، بۆیە کارو کاردانەوە و موزایەدە کردن لە دژی یەکتر بێ سودە و زیانی گەورە بە دۆزی گەلەکەمان دەگەیەنێت."

‏‎حاكم قادر ھێمای بۆ ئەوەشكردووه‌، "وەك یەكێتی نیشتیمانی ھەمیشە جەخت لە پەیوەندی دۆستانەی نێوان سەرجەم لایەنەكان دەكەینەوە لەسەر پرانسیپی ئاشتی و پێكەوە ژیان بە شێوەیەك پرسی نیشتمانی و نەتەوەیی و ژیان و گوزەرانی هاوڵاتیان هەوێنی بەهێزكردنی گوتار و پرۆسەی سیاسی هەرێمی كوردستان بێت لە پێناو باشتركردنی ژیانی هاوڵاتیان و دەستەبەركردنی ماف و ئازادییەكان و حوكمڕانیەكی باشتر."

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×