دادگای‌ فیدراڵی‌ عێراق له‌سه‌ر سێ سكاڵای‌ دیكه‌ی‌ تایبه‌ت به‌هه‌رێمی‌ كوردستان كۆده‌بێته‌وه‌
  2023-01-29       752       

رادەستكردنی نەوت‌و راگرتنی ناردنی بودجە لەبەغداوە بۆ هه‌ولێر دواین‌و كۆتا حوكم نییە كە لە دادگای فیدراڵییەوە دژی هەرێمی كوردستان دەربچێت، چەند كەسێكی تر سەبارەت بەهەرێم لەسەر مێزی دادگای فیدراڵییە‌و رۆژانی داهاتو بڕیاری لەسەر دەدات، له‌و چوارچێوه‌یه‌دا بڕیاره‌ له‌دو ڕۆژی‌ داهاتودا دادگای باڵای فیدراڵی عێراق دو كۆبونه‌وه‌ی‌ دیكه‌ سه‌باره‌ت به‌دو دۆسیه‌ی‌ دیكه‌ی‌ هه‌رێمی‌ كوردستان ئه‌نجامبدات.

ئاوێنه‌: به‌پێی‌ كارنامه‌ی‌ دادگاكه‌، بڕیاره‌ رۆژی‌ 30 كانونی‌ دووه‌می‌ 2023 دادگای‌ فیدراڵی‌ عێراق له‌سه‌ر سكاڵایه‌ك كۆببێته‌وه‌ كه‌ له‌لایه‌ن به‌ڕێوه‌به‌ری كۆمپانیای گشتیی بازرگانیی خۆراكی حكومه‌تی فیدراڵی له‌دژی وه‌زیری بازرگانی و پیشه‌سازیی هه‌رێمی كوردستان و به‌ڕێوه‌به‌ری گشتیی بازرگانی تۆماركراوه‌، له‌سكاڵاكه‌دا داواكراوه‌ حكومه‌تی‌ هه‌رێم ئه‌و پارانه‌ بگه‌ڕێنێته‌وه‌ كه‌ له‌ئه‌ستۆیاندایه‌و تایبه‌ته‌ به‌ به‌شه‌خۆراكی مانگانه‌ كه‌ له‌هاوڵاتیانی هه‌رێمی كوردستان وه‌رگیراون، له‌یه‌كی كانوونی دووه‌می 2004ـه‌وه‌ تاوه‌كو 30ـی ئه‌یلولی 2021.

كۆبونه‌وه‌ی‌ دووه‌می‌ دادگای‌ فیدراڵی‌ بڕیاره‌ رۆژی سێشه‌ممه‌، 31-1-2023، ئه‌نجامبدرێت له‌باره‌ی سكاڵایه‌ك، كه‌ تایبه‌ته‌ به‌درێژكردنه‌وه‌ی واده‌ی یاسایی ته‌مه‌نی‌ په‌رله‌مان‌و حكومه‌تی هه‌رێمی‌ كوردستان.

سكاڵاكه‌ له‌لایه‌ن جوڵانەوەی نەوەی نوێ‌و یوسف محەمەد سادق، سەرۆكی پێشوی پەرلەمانی كوردستان سەبارەت بەدرێژكردنەوەی تەمەنی پەرلەمانی كوردستان تۆماركراوه‌، دادگای فیدراڵی بڕیاری كۆتایی خۆی لەبارەی ئەم سكاڵایەوە دواخستووە بۆ رۆژی 31ی ئەم مانگە‌و پێشبینی دەكرێت دادگا دژی درێژكردنەوەی تەمەنی خولی پێنجەمی پەرلەمانی كوردستان بڕیار بدات‌و ئەمەش هێندەی تر پەیوەندییەكانی نێوان هەولێرو بەغداد ئاڵۆزتر دەكات. 

له‌لایه‌كی‌ دیكه‌وه‌، بڕیاره‌ له‌ 8-2-2023 دادگای‌ باڵای‌ فیدڕاڵی‌ عێراق له‌باره‌ی‌ موچه‌ پاشه‌كه‌وتكراوه‌كانی فه‌رمانبه‌رانی هه‌رێمی كوردستان كۆبونه‌وه‌یه‌كی‌ دیكه‌ ئه‌نجامبدات، كه‌ له‌سه‌ر سكاڵایه‌كه‌ له‌سه‌ر سه‌رۆكی‌ حكومه‌تی‌ هه‌رێم تۆماركراوه‌و داوای‌ گێڕانه‌وه‌ی‌ موچه‌كانی‌ فه‌رمانبه‌ران كراوه‌ له‌ساڵی‌ 2015وه‌ تا ساڵی‌ 2022.

ئه‌و زنجیره‌ كۆبونه‌وانه‌ی‌ دادگای‌ باڵای‌ فیدراڵی‌ عێراق، دوای نوێترین بڕیاری دادگاكه‌ دێت لەدۆسییەكدا لەسەر نایاساییبونی بڕیاری ناردنی پارە لەحكومەتی عێراقەوە بۆ هەرێمی كوردستان لە 25ی ئەم مانگە، ئەوەش لەكاتێكدابو حكومەتی عێراق بڕیاریدابو بڕی 400 ملیار دینار بۆ هەرێمی كرودستان بنێرێت.

پێشتریش دادگای فیدراڵی لەرۆژی 15ی شوباتی 2022دا بڕیاریدا بەهەڵوەشاندنەوەی یاسای نەوت‌و غازی هەرێمی كوردستان‌و پابەندكردنی هەرێم بەرادەستكردنی نەوت‌و غازەكەی بەبەغداد. 
 

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×