وەزارەتی کارەبای عێراق رایگهیاند، كۆماری ئیسلامی ئێران ھەناردەکردنی غازی بۆ عێراق راگرتوه، بەھۆی ئەو ھەنگاوەشهوه ئاستی بەرھەمھێنانی کارەبا لە بەغدا و ناوچەکانی ناوەڕاست و باشوری عێراق حەوت ھەزار و 500 میگاوات کەمبووەتەوە.
ئاوێنە: وەزارەتی کارەبای عێراق له راگهیهندراوێكدا بڵاویكردهوه، ماوەی 12 رۆژە، ھەناردەکردنی غاز بۆ وێستگەکانی بەرھەمھێنان بەمەبەستی چاککردنەوەی بۆری گواستنەوەی غاز له ئێرانهوه بۆ عێراق راگیراوە، بەھۆی ئەو ھەنگاوەشهوه ئاستی بەرھەمھێنانی کارەبا لە بەغدا و ناوچەکانی ناوەڕاست و باشوری عێراق، حەوت ھەزار و 500 میگاوات کەمبوەتەوە، کە ئەوەیش بەشێوەیەکی بەرچاو، کاریگەریی لەسەر کەمبونەوەی پێدانی کارەبای نیشتمانیی بە ھاوڵاتییان دروستکردوە.
ئاماژهی بهوهشكردوه، وەزارەتهكه رێوشوێنی بەپەلەی گرتوەتەبەر و لەسەر ئاستی باڵا ھەماھەنگیی لەگەڵ وەزارەتی نەوت کردوە بۆ ئەوەی بڕی زیاتر لە سوتەمەنی جێگرەوە بۆ وێستگەکانی بەرھەمھێنانی کارەبا لە بەغدا و ناوچەکانی ناوەڕاست و باشور دابینبکات، تاوهكو بتواندرێت کەمکردنەوەی ھەناردەکردنی غاز قەرەبوبکرێتەوە.
بهپێی راگهیهندراوهكهی وەزارەتی کارەبای عێراق، ھەناردەکردنی غاز لە رۆژی پێنجشەممە 26ی ئهم مانگهوه لەلایەن ئێرانەوە بۆ عێراق راگیراوە.