پارێزەری لاهور شێخ جەنگی: ئەمڕۆ لە بەغدا تانەمان لە بڕیارەكەی كۆمسیۆنی هەڵبژاردنەكانی عێراق دا
  2023-02-02       1048       

پارێزەری لاهور شێخ جەنگی رایگەیاند، ئەمڕۆ لە دادگای پێداچونەوە لە بەغدا تانەیان لە بڕیارەکەی کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنی عێراق داوە کە تێیدا دان بە بافڵ تاڵەبانی دا دەنێت وەکو سەرۆکی یەکێتی. دەشڵێت، "بە پشتبەستن بە بڕیاری دادگای هەولێر، ئەو تانەیەمان پێشکێشکردوەو دڵنیاین لە هەڵوەشاندنەوەی بڕیارەکەی کۆمیسیۆن، چونکە بڕیارەکەی دادگای هەولێر لە بڕیارەکەی کۆمیسیۆن هێزی زیاترە."

 ئاوێنە: سەیوان سیروان جاسم، پارێزەری لاهور شێخ جەنگی لەبارەی بڕیارەکەی کۆمیسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەکانی عێراق، ئەمڕۆ پێنجشەممە، بە روداوی وت"بڕیارەکەی کۆمیسیۆن لە شوێنی خۆی نەبو، بۆیە ئەمڕۆ لە دادگای پێداچونەوە لە بەغدا تانەمان لێدا کە بەپێی یاسا دەتوانرێت لەماوەی سێ رۆژدا تانەی لێبدرێت و دەبێت دادگاکە لەماوەی 10 رۆژدا پرسەکە یەکلایی بکاتەوە."

 ئەو پارێزەرەی لاهور شێخ جەنگی وتی"ئێمە لە تانەکەماندا بڕیارەکەی دادگای هەولێرو کۆمەڵێک بەڵگەنامەو دۆکیۆمێنتمان هاوپێچ کردوەو تێیدا بڕیارەکەی کۆمیسیۆن بە نادروست دەزانین، چونکە دادگای هەولێر بڕیارێکی دیکەی لەبارەی ئەو کەیسەوە داوە و دانی بە کاک لاهور وەکو هاوسەرۆکی یەکێتی ناوەو هەمو رێوشوێنەکانی دواتری بە نایاسایی زانیوە کە کراون."

پارێزەرەکەی لاهور شێخ جەنگی ئەوەشی خستەڕو "بڕیارەکەی دادگای هەولێر کارپێکراوەو بەپێی ئەو بڕیارە ئێستا کاک لاهور دەتوانێت سەرجەم دەسەڵاتەکانی پەیڕەو بکات و هەمو نوسراوەکانی فەرمی دەبن و لەنێوخۆی یەکێتی و لەسەرجەم دامەزراوەکانی عێراق."

 سەیوان سیروان جاسم، پارێزەری لاهوور شێخ جەنگی وتیشی، "لەبەرئەوەی بڕیاری دادگای هەولێر لەبارەی کەیسەکەی کاک لاهورەوە هێزی یاسایی زیاترە تاوەکو بڕیارەکەی کۆمیسیۆن، بۆیە ئێمە گەشبینین لەوەی لەماوەی 10 رۆژدا دادگای پێداچونەوە لە بەغدا لە بەرژەوەندیی کاک لاهور بڕیار لەبارەی دۆسیەکەوە بدات."

 ئەو قسانەی پارێزەرەکەی لاهوور شێخ جەنگی دوای ئەوە دێت کە رۆژی 30-1-2023، کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنی عێراق لەبارەی سکاڵایەکی لاهور شێخ جەنگیی تایبەت بە بڕیارەكانی نێوخۆی یەکێتی لەدوای روداوەکانی 8ـی تەمموزی 2021ـەوە کۆبوەوە کە لە رێگەی پارێزەرەکەیەوە داوای کردبو بڕیارەکانی تایبەت بە دەرکردنی خۆی و ئەندامانی دیکەی یەکێتی لە ریزەکانی ئەو حیزبە، دانانی ژمارەیەک کەس بە ئەندامی مەکتەبی سیاسیی، دانانی بافڵ تاڵەبانی وەکو سەرۆکی یەکێتی،  گۆڕانکارییەکانی پەیڕەوەی ناوخۆی یەکێتی هەڵبوەشێنێتەوە.

بەڵام کۆمیسیۆن کە پشتی بە بەڵگەنامە سەرەتاییەکان و بڕیارێکی دادگای بەرایی سلێمانی لە رۆژی 9-10-2022 بۆ بڕیاردان لەبارەی دۆسییەکەوە بەستوە، بڕیاریدا بە "پەسەندکردنی بڕیاری فەرمانگەی کاروباری حیزب و رێکخراوە سیاسییەکانی ژمارە (ش.ح/خ/84) لە رۆژی 15-1-2023 کە داواکارییەکانی پارێزەری لاهور شێخ جەنگی رەتدەکاتەوە."

لەلایەكی دیكەوە بەگوێرەی نوسراوێکی دادگای لێکۆڵێنەوەی ئاسایشی هەولێر کە لە 1-2-2023 دەرچوە، دادگا وەڵامی نوسراوێکی کۆمیسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەکانی عێراقی داوەتەوەو وتویەتی"لاهور شێخ جەنگی، هاوسەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستانە."

بەگوێرەی ناوەڕۆکی نوسراوەکەی دادگای هەولێر، بڕیارەکەی دادگای بەرایی سلێمانی لە 9-10-2022 بە رەتکردنەوەی سکاڵاکەی لاهور شێخ جەنگی و ناساندنی بافڵ تاڵەبانی وەکو سەرۆکی یەکێتی، پشتی بە "نوسراوێکی ناڕاستی" وەزارەتی ناوخۆی هەرێمی کوردستان بەستوە کە ئاڕاستەی ئەو دادگایە کراوە، لەسەر بنەمای ئەو بڕیارەی دادگای سلێمانیش، کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق بڕیاری داوە.

دادگەی هەولێر دەڵێت، هیچ پێشینەیەکی کۆنگرەی چوارەمی یەکێتی لە وەزارەتی ناوخۆی هەرێمی کوردستاندا نییە "بەگوێرەی مەحزەری کۆنگرەی چوارەمیش، یەکێتی لەلایەن دوو هاوسەرۆکەوە بەڕێوەدەبرێت".

بەگوێرەی ناوەڕۆکی نووسراوەکەی دادگەی هەولێر، بڕیارەکەی دادگەی بەرایی سلێمانی لە 9-10-2022 بە رەتکردنەوەی سکاڵاکەی لاهوور شێخ جەنگی و ناساندنی بافڵ تاڵەبانی وەکو سەرۆکی یەکێتی، پشتی بە "نووسراوێکی ناڕاستی" وەزارەتی ناوخۆی هەرێمی کوردستان بەستووە کە ئاراستەی ئەو دادگەیە کراوە، لەسەر بنەمای ئەو بڕیارەی دادگەی سلێمانیش، کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق بڕیاری داوە.

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×