دوای ئێران، روسیاش داوای قەرزەکانی لە عێراق دەکاتەوە
  2023-02-06       692       

وەزیری دەرەوەی عێراق لە بەغدا لەگەڵ هاوتا روسییەکەی کۆبوەوە و رایگەیاند، لەکۆبونەوەکەدا باسیان لە پەیوەندییەکانی نێوان هەردو وڵات و کاری کۆمپانیاکانی روسیا لە عێراق کردوە، هەروەها باسیان لە چۆنیەتی خەرجکردنی شایستە داراییەکانی کۆمپانیاکانی روسیا کردوە کە بەهۆی سزاکانی ئەمریکاوە، بەغدا ناتوانێت پارەیان بۆ خەرج بکات.

ئاوێنە:  سێرگی لاڤرۆڤ، وەزیری دەرەوەی روسیا دوێنێ گەیشتە بەغدا و ئەمڕۆ لەگەڵ فوئاد حسێن، وەزیری دەرەوەی عێراق کۆبوەوە، بڕیاریشە ناوبراو لەگەڵ سێ سەرۆکایەتییەکەی عێراق کۆببێتەوە و قەیرانی وزە لە جیهاندا سەرەکیترین پرسی کۆبونەوەکان دەبێت.

فوئاد حسێن، وەزیری دەرەوەی عێراق دوای کۆبونەوەکەی لەگەڵ سێرگی لاڤرۆڤ، ئاماژەی بەوەکرد، لەکۆبونەوەکەدا باسیان لە پەیوەندییە ئابوری، دیپلۆماسی، بازرگانی، سەربازییەکانی نێوان هەردو وڵات کردوە، هەروەها گفتوگۆ لەسەر قەیرانی وزە و کاری کۆمپانیاکانی وزەی روسیاش لە عێراق کراوە.
 
ئەوەشی خستەڕو، بەغدا پابەندە بە خەرجکردنی شایستە داراییەکانی کۆمپانیاکانی وزەی روسیا و دانەوەی ئەو قەرزانەی کە لەسەر عێراقن، بەڵام بۆ ئەوەی روبەڕوی سزاکانی ئەمریکا نەبێتەوە، پێویستە لە سەردانی سبەی شاندی عێراق بۆ واشنتن، ئەو بابەتە لەگەڵ بەرپرسانی ئەمریکا تاوتوێ بکەن.

بەوتەی بەرپرسانی روسیا، کۆمپانیاکانی وزەی وڵاتەکەیان بەبەهای زیاتر لە 13 مليار دۆلار وەبەرهێنانیان لە عێراق کردوە و لەکۆی بەرهەمهێنانی نەوتیشدا شایستەی داراییان کەوتوەتە لای عێراق، بەڵام لەسەرەتای هێرشی وڵاتەکەیان بۆسەر ئۆکرانیا، عێراق بۆ ئەوەی نەکەوێتەبەر سزاکانی ئەمریکا وەک پێویست بە دانەوەی شایستەی داراییەکانەوە پابەندنەبوە.

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×