وەزیری ناوخۆی هەرێم: ئامادەین هاوكاری رەوانەی سوریاش بكەین
  2023-02-06       589       

رێبەر ئەحمەد، وەزیری ناوخۆی هەرێم، رایگەیاند، ئەو هاوكاری و تیمە پزیشكی و فریاگوزارییانەی ئێوارەی ئەمڕۆ دوشەممە، رەوانەی توركیا كران لەسەر داوای حكومەتی ئەو وڵاتە بوەز دەشڵێت، ئامادەین بەهەمان شێوە هاوكاری رەوانەی سوریاش بكەین.

ئاوێنە: رێبەر ئەحمەد، ئێوارەی ئەمڕۆ لە كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانیدا لەسەر سنوری ئیبراهیم خەلیل، رایگەیاند، به‌ راسپارده‌ی سه‌رۆكی حكومه‌ت كه‌ فه‌رمانی به‌ گشت داموده‌زگاكانی حكومه‌ت كردوه‌، هه‌رچی له‌ توانادایه‌ به‌رده‌ستی بكه‌ین و ره‌وانه‌ی ئه‌وبه‌ری سنور بكرێت بۆ توركیا.

وه‌زیری ناوخۆی هەرێم ئاماژەی بەوەشدا"له‌لایه‌ن توركیاوه‌ داوا له‌ هه‌رێمی كوردستان كراوه‌ تیمی ته‌ندروستی و جه‌ی سی سی بۆ هاوكاریكردنی لێقه‌وماوان و رزگاركردنی ئه‌و كه‌سانه‌ی كه‌ له‌ژێر داروپه‌ردو ماونه‌ته‌وه‌، ره‌وانه‌ی ئه‌و وڵاته‌ بكه‌ین."

وتیشی"ئێمە لە حكومەتی هەرێمی كوردستان و دامودەزگا پەیوەندیدارەكانی حكومەت، ئامادەیی خۆمان نیشان دەدەین بۆ ناردنی هاوكاریی بۆ سوریاش، ئەگەر كەناڵ و رێكاری پێویست هەبن بۆ ئەوەی هاوكارییەكان بگەنە خەڵكی لێقەوماوی ئەو ناوچا جیاجیایانەی سوریا كە بومەلەرزەكە گرتونییەتیەوە."

وەزیری ناوخۆی هەرێم ئەوەشی خستەڕو"هێشتا كەناڵ و رێكارەكان بۆ گەیاندنی هاوكاری بە لێقەوماوانی بومەلەرزەكەی سوریا دابین نەكراون، ئەگەرنا ئێمە وەكو حكومەت ئامادەین بە هەمان ئەو شێوەیەی كە هاوكاری بۆ توركیا دەنێرین، هەمان ئەو شتانەش بۆ سوریا بنێرین."

ئێوارەی ئەمڕۆ وەزارەتی تەندروستی هەرێم لە راگەیەندراوێكدا وتی"لەسەر ڕاسپاردە و فەرمانی ڕێزدار (مەسرور بارزانی) سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان، تیمەکانی فریاگوزاری و پزیشکی فریاکەوتن و ژمارەیەکی زۆر لە پزیشکانی پسپۆڕ و کارمەندانی تەندروستی و ئەمبوڵانس و بڕێکی زۆری پێداویستی پزیشکی بەڕێککەوت بۆ وڵاتی تورکیا بەمەبەستی بەهاناوەچون و پشتیوانی قوربانیانی بومەلەرزە."

زۆرترین بینراو
© 2023 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×