سودانی، وەزیری دارایی ڕاسپارد بۆ دیاری كردنی نرخی دۆلار بە 135 هه‌زار دینار لەبودجەدا
  2023-02-07       704       

سەرۆکی حکومەتی عێراق، وەزیری دارایی ڕاسپارد بە دووبارە داڕشتنەوەی پڕۆژە یاسای بودجە لەسەر بنەمای 135 هەزار دینار بۆ 100 دۆلار.

ئاوێنه‌: ئاژانسی (المعلومە)ی نزیك لە سەرۆك وەزیرانی عێراق لە زاری سەرچاوەیەكی باڵاوە بڵاویكردۆتەوە، “محەمەد شیاع سودانی، سەرۆک وەزیرانی عێراق، تەیف سامی، وەزیری دارایی ڕاسپارد بۆ ئەوەی بودجەی ساڵی 2023 بە نرخی 1350 دینار بۆ یەك دۆلار دابڕێژێتەوە”.

ئەمە لەكاتێكدایە، كە پێشتر چەند پەرلەمانتارێكی چوارچێوەی هەماهەنگی نزیك لە نووری مالكی ڕایانگەیاندبوو، نرخی دۆلار لەنێوان 135 بۆ 140 هەزار دینار جێگیر دەكرێت.

لە ڕۆژی هەینی ڕابردوودا، شاندی باڵای عێراق بەسەرۆكایەتی عەلی عەلاق، پارێزگاری بانكی ناوەندی لە توركیا لەگەڵ شاندی باڵای ئەمریكا، كە پێكهاتبوون لە وەزارەتی گەنجینە و بانكی فیدڕاڵی ئەمریكی كۆبوونەوە و ڕێككەوتن لەسەر پرسە دارایی و ئابوورییەكان و پرسی وزە و مۆڵەتی 9 مانگ بە عێراق درا بۆ خۆگونجاندن لەگەڵ سیستمی دارایی و بانكی جیهانی (سوێفت) و چاودێری كردنی پڕۆسەی بەكارهێنانی دۆلار لە عێراقدا.

بڕیاریشە لە چەند ڕۆژی داهاتوودا شاندێكی باڵای عێراق بە سەرۆكایتی فوئاد حسێن، جێگری سەرۆك وەزیران و وەزیری دەرەوە سەردانی واشنتۆن بكات و لەگەڵ بەرپرسانی باڵای ئەو وڵاتە دەقی ڕێككەوتنەكە واژۆ بكەن.

لە بەرەبەیانی ئەمڕۆوە بازاڕەکانی فرۆشتنی دۆلار شاهیدی دابەزینێکی ڕوون و بەردەوام بوون، تاوەکو نرخی فرۆشتنی بۆ هەر 100 دۆلارێک گەیشتە 155 هەزار دینار لە هەندێك لە بۆرسەكانی عێراق و لە بۆرسەی هەولێر و سلێمانی 100 دۆلار بۆ 158 هەزار دینار دابەزیوە.

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×