دادگای فیدراڵی دواین بڕیاری لەبارەی موچەی پاشەکەوت کراوی فەرمانبەرانی هەرێم دا
  2023-02-08       845       

دادگاى باڵاى فیدراڵیى عێراق سکاڵایەکى رەتکردەوە کە لە دژى خەرجنەکردنى مووچە پاشەکەوتکراوەکانی فەرمانبەرانى هەرێمى کوردستان تۆمارکرابوو.

ئاوێنە: ئەمڕۆ چوارشەممە، 8ـى شوباتى 2023، دادگەى باڵاى فیدراڵیى عێراق لەبارەى سکاڵایەک کە لە دژى سەرۆکى حکومەتى هەرێمى کوردستان تۆمار کرابوو، کۆبووەوە. سکاڵاکە تایبەت بوو بە خەرجنەکردنى مووچە پاشەکەوتکراوەکانی فەرمانبەرانى هەرێمى کوردستان.

دادگەى باڵاى فیدراڵیى عێراق بڕیاریدا بە رەتکردنەوە ئەو سکاڵایە، بەوپێیەى لە تایبەتمەندییەکانى ئەو دۆسیانە نییە کە دادگەکە تاوتوێیان دەکات. 

وریا سەعدى، راوێژکارى یاسایی پەرلەمانى کوردستان راگەیاند، دادگە سکاڵاکەى لەسەر ئەو بنەمایە رەتکردووەتەوە، کە ناچێتە چوارچێوەى ماددەى 93ـى دەستوور و ئەو پرسە لە تایبەتمەندیى دادگەى کارگێڕیى هەرێمى کوردستانە.

وریا سەعدی گوتیشی: "ئەو سکاڵایە لەلایەن ژمارەیەک لە فەرمانبەرانى هەرێمى کوردستانەوە تۆمارکرابوو".

سکاڵاکە لەسەر ناوی سەعید فەرەج ئەحمەد و چەند کەسێکى دیکەوە تۆمارکرابوو، کە تێیدا داوا کرابوو سەرۆکى حکومەتى هەرێمى کوردستان ناچار بکرێت بە خەرجکردنى پاشەکەوتى مووچەى فەرمانبەرانى هەرێمى کوردستان لە نێوان 15ـى ئابى 2015 تاوەکو 1ـى 12ـى 2022، بەوپێیەى بەگوێرەى سکاڵاکە خەرجنەکردنى ئەو مووچە پاشەکەوتکراوانە، پێچەوانەى هەردوو ماددەى 29 و 30 ـى دەستوورى عێراق و یاساى چاودێریى کۆمەڵایەتیى ژمارە 126ـى ساڵى 1980ـى عێراقە.

زۆرترین بینراو
© 2025 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×