كۆنسوڵخانەی توركیا لە هەولێر لەبارەی ناردنی هاوكاری پەیامێك بڵاودەكاتەوە
  2023-02-08       947       

كونسوڵخانەی توركیا لە هەولێر داوا دەكات ئەو كۆمەك و هاوكارییانەی لە هەرێمی كوردستان بۆ زیانلێكەوتووانی بوومەلەرزەكەی ئەو وڵاتە كۆدەكرێتەوە، رادەستی مانگی سووری توركی بكەن.

ئاوێنە: بەگوێرەی راگەیەندراوێكی كۆنسوڵخانەی گشتیی توركیا لەهەولێر، كە لە تۆڕی كۆمەڵایەتیی تویتەر بڵاوكراوەتەوە، داوا لەو كەس و لایەن و دامەزراوانەی هەرێمی كوردستان كراوە كە نیازی بەخشینی یارمەتییان هەیە، یارمەتییەكانیان لە رێگەی مانگی سووری توركییەوە بنێرن بۆ توركیا.

لە راگەیەندراوەكەدا، ئاماژە بەو كەلوپەلانە كراوە كە پێویستن بۆ لێقەوماوانی بوومەلەرزەكەو تێیدا هاتووە" هیوادارین بایەخ بەو كەلوپەلە پێویستە بەپەلانە بدرێت كە خەڵكی ئەم ناوچانە پێویستیانەو گواستنەوەیان ئاسانە، وەك جلوبەرگی زستانە، بەتانی، كیسی خەوتن، گەرمكەرەوەو خواردنی لە قتوونراو".

كونسوڵخانەكە داواشی كردووە كەلوپەلی بەكارنەهاتوو ئەگەر بكرێت بە شێوەیەكی ئامادەكراو لەناو كارتۆندا بێت، چونكە پێویستە بەپەلە و بێ دواكەوتن بۆ ناوچە زیانمەندەكان بنێردرێن.

كۆنسوڵخانەی گشتیی توركیا لە هەولێر داوای لەو كەس و دامەزراوانە كردووە كە نیازی یارمەتییان هەیە، یارمەتییەكانیان بگەیەننە كۆگای مانگی سووری توركی لەشاری هەولێر.

داواكارییەكەی كونسوڵخانەی توركیا لەهەولێر، لەكاتێكدایە حكومەتی هەرێمی كوردستان كەمپینێكی فراوانی بۆ هاوكاریكدرنی لێقەوماوانی بوومەلەرزەكەی توركیاو سووریا راگەیاندووە، هاوكات لە شارەكانی هەرێمیش كەمینی كۆكردنەوەی كۆمەك و هاوكاری بۆ زیانلێكەوتووانی ئەو كارەساتە سروشتییە دەستی پێكردووە. 

زۆرترین بینراو
© 2025 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×