وەزیری ئاوەدانکردنەوە: لە هەرێمی کوردستان پرۆژەکان ئەوەیان تیادا رەچاوکراوە کە بەرگەی بوومەلەرزە بگرن
  2023-02-09       501       

حکومەتی هەرێمی کوردستان لە دوای بومەلەرزەکەی تورکیا و سوریا ئامادەکاری دەکات بۆ پێداچوونەوە و بەرزکردنەوەی کۆدی سەلامەتی بومەلەرزە لە پرۆژەکاندا، ئەمە بەگوێرەی قسه‌ی وەزیری ئاوەدانکردنەوە و نیشتەجێکردن.

ئاوێنە: دانا عەبدولکەریم، وەزیری ئاوەدانکردنەوە و نیشتەجێکردنی حکومەتی هەرێمی کوردستان، بە دەنگی ئەمریکای راگەیاند: "هەرکات کارەساتێک رووبدات پێویستە لەسەر لایەنە پەیوەندیدارەکان بەخۆداچووونەوە بکەن و رێنماییەکان نوێ بکەنەوە. بۆ ئەوەش لەم چوارچێوەیە فەرمانم کردووە کە هەفتەی داهاتوو وۆرک شۆپێک ئامادە دەکەین وەک وەزارەتی ئاوەدانکردنەوە و نیشتەجێکردن بۆ ئەوەی زانیارییەکان ئەپدەیت بکەینەوە و کۆدی سەلامەتی زیاتر بەرزبکەینەوە بۆئەوەی لەمەودوا پرۆژەکان لەسەروو پلەی 7ی رێختەرەوە بن تا باڵەخانەکانمان پارێزراوبن و سەلامەتی گیانی هاووڵاتییان رەچاو بکرێت".

سەبارەت بە مەترسییەکان لەسەر یەکەکانی نیشتەجێبوون، وەزیری ئاوەدانکردنەوە و نیشتەجێکردن رایگەیاند، "وەک بۆچوونی کەسی خۆم زۆربەی زۆری ئەو پرۆژانەی کە کراون و دیزاینەکەیان لەسەر بنەمای پلەی 6.5 -7 پلەی رێختەر بووە. ئەگەر لەکاتی جێبەجێکردندا ئەمە بە باشی پەیڕەو کرابێت من مەترسیەکی وەها نابینم لەسەر ئەو هاووڵاتییانەی کە لە یەکەکانی نیشتەجێبوون و باڵەخانە بەرزەکاندا نیشتەجێ بوون".

دانا عەبدولکەریم دەشڵێت: "بە شێوەیەکی گشتی بیناکان لەعێراقدا مواسەفاتیان بەرزه و‌ پشتیان بەستووە بە مواسەفاتی بەریتانی و ئەمریکی. تا رادەیەک بیناکان لە عێراق و لە هەرێمی کوردستان لە ئاستێکی باشدان بەدرێژایی دەیان ساڵی رابردوو کارەساتێکی وا نەبووە ئەگەر بوومەلەرزەش بووبێت زیانی گەورەی لێنەکەوتوه‌تەوە، هیوادارین هەرگیز تووشی ئەوە نەبین و ئەوە روو نەدات".

بەڵام وەزیرەکەی هەرێم دەڵێت کە ئامادە نییە دڵنیایی بدات، "چونکە کۆنتڕۆڵێکی ناوەندی نەبووە لەسەرئەوەی چۆن ئەم بینایانە دروست بکرێن." ئەو دەڵێت کە لە هەولێر و‌ دهۆک و سلێمانی پێکهاتەی بیناکان "لەئاستێکی باشدا" دروستکراوە و مەبەستیەتی هۆشیاری زیاتر لە سەر‌دیزاینکردنی پرۆژەکاندا بڵاوبکرێتەوە.

پێداچوونەوەی "بە پەلە"

بەرەبەیانی رۆژی دووشەممە 6ی شوباتی 2023، لە تورکیا و سوریا بومەلەرزەیەکی بەهێز روویدا کە بووە هۆی گیانلەدەستدانی زیاتر لە 12 هەزار کەس تا ئەم ساتە، و برینداربوونی هەزاران هاووڵاتیی، جگە لە رووخان و کاولبوونی دەیان شوێنی نیشتەجێبوون.

وەزیری ئاوەدانکردنەوە دەڵێت: "بەدڵنیاییەوە لە هەرێمی کوردستان لەکاتی دیزاینکردنی پرۆژەکاندا، بەتایبەتی باڵەخانەکان و پردەکان، هۆکارەکانی سەلامەتی بوومەلەرزە‌ رەچاو کراوە. ئەو دەڵێت پرۆژەکان ئەوەیان تیادا رەچاوکراوە کە بەرگەی بوومەلەرزە بگرن کە هێزەکەی لە نێوان‌ 6.5 -7 پلەی رێختەر بێت.

بوومەلەرزەکەی رۆژی دووشەممە بە گوڕی 7.8 پلە بووە. ئەمەش ئەوە دەگەیەنێت کە بینا و باڵەخانەکانی هەرێم لە کاتی روودانی بوومه‌له‌رزه‌یەکی وەها بەهێزدا رووبەڕووی مەترسی دەبنەوە.

وەزیری ئاوەدانکردنەوە و نیشتەجێکردنی حکومەتی هەرێم رایگەیاند: "کاریگەریە هەژێنەرەکانی بومەلەرزەکەی تورکیا و سورییا ئەوە دەگەیەنن کە هەرێمی کوردستان دەبێت بە پەلە پێداچونەوە بۆ پلەی سەلامەتی لە پڕۆژەکاندا بکات".

دانا عەبدولکەریم وتی، "بەدڵنیاییەوە هەر لەبەرئەوەشە بەپەلە فەرمانم کردووە ئەو وۆرک شۆپە ئامادە بکرێت بۆ ئەوەی بەپێی تازەترین زانیارییەکان ئەگەر خوانەخواستە کارەساتێک روویدا چۆن بتوانین خۆمان بپارێزین و پێکهاتەی پرۆژەکانمان لە ئاستێکدابن کە بەرگەی ئەو زەمین لەرزە قورسانە بگرن".

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×