جەمال حاجی محەمەد: بەدیلی بزوتنەوەی گۆڕان هەر بزوتنەوەی گۆڕانە
  2023-02-09       797       

جەمال حاجی محەمەد، ئەندامی دەستلەكاركێشاوەی خانەی راپەڕاندنی بزوتنەوەی گۆڕان رایگەیاند؛ ئەو هەوڵسوڕاو و کارەکتەرانەی بزوتنەوەی گۆڕان کە دورکەوتونەتەوە یاخود نیگەران بون، لە شوێنی خۆیاندا ماون و چاوەڕێی هەڵوێستی بزوتنەوەکە دەکەن، دەشڵێت: بەدیلی بزوتنەوەی گۆڕان هەر بزوتنەوەی گۆڕانە.

ئاوێنە: جەمال حاجی محەمەد، ئەمڕۆ پێنجشەممە، لە لێدوانێکدا بۆ میدیای رەسمی گۆڕان لەبارەی ئامانجی بانگەوازەکەی بزوتنەوەکەیانەوە وتیشی: دوای هەڵبژاردنەکانی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق، بەرپرسیارێتی شکستەکەمان لە ئەستۆ گرت و دەستلەکارکێشانەوەمان راگەیاندو ئێستاش کە کۆنفرانسی بزوتنەوەکە نزیکە، بانگەوازێکمان کردوە بۆ هەمو هاوڕێکان و تێکۆشەرەکان بۆ ئەوەی بزوتنەوەکە رۆحێکی نوێ بەبەری خۆیدا بکاتەوەو پێکەوە و دەست لەناو دەست کەموکورتییەکان چارەسەر بکەین.

ئاماژەی بەوەشکرد، پێویستە لەگەڵ هەمو هاوڕێیان و هەڵسوڕاوان و تێکۆشەرەکان دیراسەی پرسەکانی ئێستا بکرێت و بڕیاریان لەبارەوە بدرێ.

دوپاتیشی کردەوە، بزوتنەوەی گۆڕان بەرنامەیەکی تۆکمەی هەیە، سەرباری رەخنەو نیگەرانییەکانیش، بەڵام بزوتنەوەکە نە خیانەتی کردوە، نە دزی کردوە و نە ماڵی کەسی داگیرکردوە، ئەوەی هەبوە کەموکورتی بوە لە شێوازی کارەکان و ئومێد دەکەین بە هاوکاری و هەماهەنگی هەڵسوڕاوە دڵسۆزەکانمان ئەم دۆخەکە چارەسەر بکرێت.

زۆرترین بینراو
© 2025 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×