کوێستان محەمەد رایدەگەیەنێت؛ بزوتنەوەی گۆڕان لە ئێستا و داهاتوشدا هیچ بەدیلێکی نیە و ئەوەی گۆڕان کاری لەسەر کردوە، هیچ لایەنێک نەیتوانیوە بیکات.
ئاوێنه: کوێستان محەمەد، وەزیری کارو کاروباری کۆمەڵایەتی لەمیانی بەشداریکردن لە بەرنامەی رۆژەڤی کەناڵی کەی ئێن ئێن باسی لە بانگەوازی ئاشتەوایی ناوخۆیی بزوتنەوەی گۆڕان کرد و وتی:" بانگەوازیی ئاشتەوایی کارێکی زۆر باشە، چونکە خاوەنی سەدان و هەزاران هەڵسوڕاوی چالاکین کە پێویستە ئاشتبکرێنەوە، چونکە بە گیانی خۆیان لەگەڵ بزوتنەوەکەدابون، قوربانی زۆریاندا و نان بڕاو کراون".
ئاماژەی بەوەشکرد،"بانگەوازەکەی گۆڕان لە پەرۆشییە بۆ هەڵسوڕاوەکانی، چونکە هەمیشە لەگەڵ خەڵکدا بوە و پشتیوانیان بوە و هەر واش دەمێنێتەوە".
بەوتەی کوێستان محەمەد "بانگەوازەکەی بزوتنەوەی گۆڕان ئەوە دەسەلمێنێت کە ئێمە لەسەر بەرنامەی خۆمانین و لەسەر بەرنامەکانی رەوانشاد نەوشیروان مستەفا بەردەوامین و بەهیچ شێوەیەک سازشی لەسەر ناکەین".
دوپاتیشیکردەوە، بانگەوازەکەی بزوتنەوەی گۆڕان هەنگاوی جدی دەوێت و پێویستە هەمومان پێکەوە پێشنیارەکانی هەڵسوڕاوان و کارەکتەرەکانی بخەینە بواری جێبەجێکردنەوە.
رونیشیکردەوە، هەر پرسێک بزوتنەوەی گۆڕان بە فەرمی بڕیاری لەبارەوە بدات، سەرجەم تیمی حکومەت و پەرلەمان پابەند دەبین پێوەی.