ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو رایگهیاند، لە ماوەی نزیک پێنج مانگی خۆپیشاندانهكانی رابردودا لە سەرتاسەری شارەکانی کوردستاندا زیاتر لە 400 خوێندكار لە سەرتاسەری شارەکانی کوردستاندا لەلایەن ناوەندە حکومەتییەکانەوە ڕفێندراون، کە تا ئێستا ناسنامەی 186 کەسیان ئاشکراكراوه.
ئاوێنه: ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو بڵاویكردهوه، لهماوهی نزیكهی پێنج مانگی رابردودا كه خۆپیشاندانی ناڕهزایی له شارهكانی رۆژههڵاتی كوردستان و ئێران سهریههڵداوه، تاوهكو ئێستا 400 خوێندكار لە سەرتاسەری شارەکانی کوردستاندا ڕفێندراون و 186 كهسیان ناسنامهیان دیاره، كه 32 کەسیان کچ و 154 کەسی دیکەیان کوڕن.
بەپێی ئەو ئامارە زۆرترین منداڵ لە شاری جوانڕۆ ڕفێندراون کە 28 حاڵەت بوە، هەروەها لە شاری سنە 21 منداڵ و لە شاری سەقز 14 منداڵ لەلایەن هێزە حکوومەتییەکانەوە ڕفێندراون.
تیمی یاسایی هەنگاو لە بەدواداچون بۆ بارودۆخی ئەم منداڵە ڕفێندراوانە لەلایەن ناوەندە ئەمنییهکانەوە بەردەوامە، بەپێی دوایین زانیارییەکان، بەشێکی ئەو منداڵانە دوای چەند ڕۆژ و چەند ههفته لە ناڕونی چارەنوس و بێهەواڵیدا لەژێر ناونیشانی و بەشێوەی نایاسایی بە وەرگرتنی بەڵێنی نوسراو و یاخود دانانی بارمتە ئازادکراون.
بەوتەی سەرچاوەکان، ئەو منداڵانە لە دوای ئازادییان لە بارودۆخێکی دەرونی دژواردان و بەگشتی لەگەڵ کەس قسە ناکەن و دووچاری گۆشەگیری و گرفتی دەرونی بون، ئەمەش بوەتە بەربەست لەبەردەم پەیوەندی گرتن و قسەکردن لەگەڵ ئەم منداڵانە و بنەماڵەکانیان.
بەگوێرەی زانیارییەکان، لە زۆربەی حاڵەتەکاندا منداڵانی ڕفێندراو لە ژێر لێپرسینەوەی توندوتیژ ئامێزدا بون و هیچ کام لە مافەکانی پشتیوانی منداڵان جێبەجێ نەکراوە، ئەو منداڵانە تەنانەت لە مافە سەرەتاییەکانی گەورە ساڵێک لە کاتی دەستبەسەریدا وەک ئاگادارکردنەوەی بنەماڵە، پشکنینی پزیشکی و دەست ڕاگەیشتن بە پارێزەر بێ بەری بون.
بەپێی کنوانسیۆنی مافی منداڵان کە دەوڵەتی ئێرانیش تێیدا ئەندامە و بەپێی ماددەی (9)ی یاسایی مەدەنی و لە حوکمی یاسا ناوخۆییەکان، کە دەستبەسەرکرانی منداڵ پێش دادگایی دەبێت لە دواین ڕێگە و لە کاتی پێویست و بارودۆخی تایبەتدا جێبەجێ بکرێت، هەر لەم ڕاستایەدا یاسا ناوخۆیییەکانی کۆماری ئیسلامی ئێران یاساییەکی لەم شێوەیان لە مادەی 287ی یاسایی ئایینی دادگایی تاواندا هەیە. کە بەم پێیە دەبێت منداڵ یان مێرمنداڵ بدرێتە دەست دایک و باوک یاخود سەرپەرشتیاری یاسایی و دەستبەسەرکرانی لە کاتی لێکۆڵینەوە بەپێی پێویست و بارودۆخی زۆر تایبەتدا دەبێت جێبەجێ بکرێت.
ئهوهش خراوهتهڕو، پێشێلکاری یاسایی تایبەت بە منداڵان تەنها لە کاتی پێش ئەنجامدانی دادگایی کردنیاندا نەبوە، بەڵکو لە کاتی دادگایشدا ئەم منداڵانە لە مافەکانی منداڵێک لە کاتی تێپەڕاندنی دانیشتنی دادگایاندا بێ بەری بون.
بە پشت بەستن بە ئاماری تۆمارکراو لە ناوەندی ئاماری هەنگاو، لانیکەم 4 کەس لەو منداڵانە لەلایەن دەزگای دادوەرییەوە، سزای پێبژاردنی پارە، بەندکراون و لێدانی قامچاییان بەسەردا سەپێندراوە، دو منداڵی خەڵکی سەردەشت بە ناوەکانی سۆران سولەیمان پور و پێشەوا ئەحمەدی، هەردوکیان سزای پێبژاردنی بڕی 2 ملیۆن و 500 هەزار تمەن، کورش گەڕاوەند خەڵکی سەراولە سزای 7 مانگ بەندکران و ئەرشیا بەرزین خەڵکی جوانڕۆ سزای 3 ساڵ بەندکران و 74 جار لێدانی قامچییان بەسەردا سەپێندراوە.
بهپێی ئامارهكان، تائێستا له پارێزگای سنە، 78 حاڵەتی دهستگیركردنی خوێندكاران ههبوه كه 15 کچ و 63 کوڕ بون، له پارێزگای کرماشان 56 حاڵەت ههبوه كه 8 کچ و 48 کوڕ بون، له پارێزگای ئورمیەش 38 حاڵەت تۆماركراون كه 4 کچ و 34 کوڕ بون، له پارێزگای ئیلامیش 19 حاڵهت ههبوه كه 4 حاڵهت كچ و 15 حاڵهتیان كوڕ بون.