مەیخانەیەک لەعێراق دۆزرایەوە کە تەمەنی 5 هەزار ساڵە
  2023-02-10       1710       

ئا: ئاوێنە

 

لەشاری دێرینی لەگەش، مەیخانەیەک دۆزرایەوە کە مێژوەکەی دەگەڕێتەوە بۆ ٥٠٠٠ سال لەمەوبەر، لەگەش ناوی شارو یەکێک لەبنەماڵە دیرینەکانی سۆمەرییەکانە کە داهێنەری نوسین‌و شارەدەوڵەت بون لەمێژوی کۆنی عێراق‌و رۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا.

 

بەپێی راپۆرتێک کە لە"بی بی سی" بڵاوکراوەتەوە، شوێنەوارناسان پێیانوایە ئەم مەیخانەو کاروانسەرایە کە لە شاری دێرینی لەگەش دۆزراوەتەوە، نیشانەی ئەوەیە کە کۆمەڵگا دێرینەکانی عێراق‌و رۆژهەڵاتی ناوەڕاست خاوەنی چینێکی مامناوەند بون‌و تەنها لەدەوڵەمەندو کۆیلەکان پێکهانەتون.

شوێنەوارناسەکان پاشماوەی چێشتخانەو مەیخانەیەکیان دۆزیوەتەوە کە تەنها نیو مەتر لەژێر زەوییدا بوەو مێژووەکەی بۆ دەوروبەری 2700 پێش زایین مەزەندە دەکرێت.

ئەم شوێنە گشتییە بۆ خواردن‌و خواردنەوە بەکارهێنراوە لە شاری دێرینی لەگەش کە دەکەوێتە عێراقی ئێستاوە.

سارا پیزیمێنتی لە زانکۆی پیزا لە ئیتاڵیا بە بی بی سی راگەیاندوە "روبەرێکی فراوان لەخۆدەگرێت کەوا مەزەندە دەکرێت شوێنێک بێت بۆ خواردن‌و خواردنەوە".

ئەو یەکێکە لەو توێژەرانەی کە ماوەی پێنج ساڵە وەک ئەندامی پڕۆژەی شوێنەوارناسیی لەگەش لێکۆڵینەوە لەم شارە مێژووییە دەکەن.

لەگەش یەکێکە لەگەورەترین‌و کۆنترین شارەکانی باشوری میزۆپۆتامیا (میزۆپۆتامیا)و یەکێکە لەسەرەتاترین ناوەندە شارنشینی لەمێژووی مرۆڤایەتیدا.

لەگاش بەشێک بووە لەشارستانیەتی سۆمەری، کۆمەڵێک شار کە بەدرێژایی روباری دیجلەو فورات لەکۆتاییەکانی چاخی بەردینی نوێدا تا سەرەتای سەردەمی کانزایی گەشەیان کردووە.

 

قەنەفەو تەنورو ساردکەرەوەی ٥ هەزار ساڵە

بە سودوەرگرتن لەتەکنیکەکانی شوێنەوارناسی نوێ وەک بەکارهێنانی فڕۆکەی بێفڕۆکەوان‌و شیکاری موگناتیسی، کە ڕێگە بەشوێنەوارناسان دەدات ژێر زەوی ببینن بەبێ هەڵکەندن‌و هەڵکۆڵینی  شوێنەوار، ئەم گروپە سەرکەوتوو بون لە هەڵکەندنی شوێنی وردی ئەم بینایە.

کاتێک مەیخانەیەکیان دۆزیەوە، کورسییەکانیان لەژێرزەویەوە دەرهێناو بەفرگرێکی گڵین‌و تەنورو فڕنێک‌و چەند دەفرێکی جۆراوجۆریان بۆ هەڵگرتنی خواردن‌و خواردنەوە دۆزیەوە، کە زۆربەیان هێشتا پاشماوەی خواردن و خواردنەوەیان تێدابوو.

هۆلی پیتمان، بەڕێوەبەری پرۆژەکە لەگفتوگۆیەکدا لەگەڵ بی بی سی ڕایگەیاند "بەهۆی ئەو گۆزە تایبەتانەی کە لەم بینا مێژووییەدا دۆزیمانەوەو ئەو نەخشانەی کە هەن، هیچ گومانێک بۆ ئێمە ناهێڵێت ئەم مەیخانەو کاروانسەرایە مێژوەکەی دەگەڕێتەوە بۆ نزیکەی پێنج هەزار ساڵ لەمەوبەر. "

بەڵام ئەم ئامێرە ساردکەرەوەیە بەبێ کارەبا چۆن کاردەکات؟

بەفرگر یان ساردکەرەوەی گڵین یان ساردکەرەوەی دوو دیوار لەسەر بنەمای میکانیزمی هەڵمبوون کاردەکات‌و لە دوو ژوری گڵین لەناو یەکتردا پێکدێت.

بەشی دەرەوەی دەفرە گڵینەکە بەخۆڵێکی تەڕ داپۆشرابوو، خواردن و خۆراکەکان دەخرانە ناو دەفری ناوەوە کە بەجەلاتین داپۆشرابو شێ نەیدەتوانی بچێتە ناویەوە. هەڵمبوونی شێی دەرەکی گەرمی لەژوری ناوەوە هەڵدەمژێت‌و هەرچییەک لەژوری ناوەوەی گڵدا دانرابو، بەفێنک دەمێنێتەوە.

لەگەش کە دەکەوێتە یەکتربڕینی دو روباری دیجلەو فورات، یەکێک بو لە ناوەندە بازرگانییە ئاوەدانەکانی سەرەتای بنەماڵەکانی میسر یان سەردەمی تینیتیەکان کە لەنزیکەی ٣٢٠٠ بۆ ٢٩٠٠ پێش زایین بەردەوام بو، ئەو سەردەمەی کە یەکەم شارەکانی جیهانی تیا بنیاتنرا.

ڕید گودمان، شوێنەوارناس لە زانکۆی پێنسیلڤانیا بە بی بی سی ڕاگەیاندووە "هەوڵدەدەین بزانین ئەم شارە کە لەقۆناغەکانی پێشودا شارۆچکەیەکی بچوک بوە، چۆن بوەتە شارێکی هێندە گەورەو یەکگرتو".

 

پاشماوەی خواردنی پێنج هەزار ساڵە

جگە لەتەنورو فڕنی گڵین‌و ساردکەرەوە، شوێنەوارناسەکان ناوچەیەکی دیکەیان دۆزییەوە کە دەفرو مەنجەڵ‌و پەرداخی پێکی تێدا بوە. بێگومان بەتاڵ نەبون.

پیزیمێنتی دەڵێت "زیاتر لە 100 پەرداخی خواردنەوەو گۆزەی خواردنمان دۆزیەوە، ئەمەش دڵنیامان دەکاتەوە کە ئەمە شوێنێک بووە بۆ مانەوەی گەشتیاران‌و بۆ خواردن‌و خواردنەوە میوانەکان".

لە درێژەی قسەکانیدا دەڵێت "بەپێی زۆری‌و جۆراوجۆری خواردن‌و خواردنەوەکان کە لەم شوێنەدا ئامادەکراون، ئەم شوێنە ناتوانێت چێشتخانەیەکی ماڵەوە بێت".

شوێنەوارو پاشماوەی ئەو خواردنانەی کە ماونەتەوە ئەوە دەردەخەن کە میوانانی ئەم چێشتخانە پێنج هەزار ساڵەیە بەماسی پێشوازییان لەمیوانەکان کردوە.

پیتمان دەڵێت "لەناو هەر یەکێک لەپەرداخ‌و دەفرەکانی هەڵگرتنی خۆراکدا، بڕێکی زۆر ئێسکی ماسیمان دۆزیەوە کە بە باشی پارێزراون".

ئەوەی شوێنەوارناسانی تووشی سەرسوڕمان کردوە ئەوەیە کە بۆچی ئەو خواردنانە نەخوراون.

پیزیمێنتی دەڵێت "هەموو خواردنەکان وەک خۆیان ماونەتەوە، ڕەنگە لەو کاتەدا شتێک رویدابێت، بەڵام نازانین ڕەنگە چی رویدابێت، ئەمەش بابەتێکە کە هەوڵدەدەین بیزانین".

 

ئەڵقەی ونبووی مەتەڵەکە

شوێنەوارناسان بەدوای ئەوەدا دەگەڕێن بزانن کڕیارو میوانی ئەم شوێنە کێ بون‌و چ پێگەیەکی کۆمەڵایەتییان هەبوە.

هەڵکۆڵین‌و لێکۆڵینەوەکانی پێشوو لەم شارەدا دەریانخستبوو کە لەگەش سێ پەرستگای هەبوە کە خەڵکی چینە باڵاکانی کۆمەڵگاو ئاغاکان تێیدا دەژیان.

بەڵام شوێنەوارناسەکان باوەڕ ناکەن ئەم مەیخانە یان وێرانەیە لەناوچەی بەناوبانگ‌و ئەرستۆکراتی شارەکەدا بوبێت.

پیتزیمێنتی دەڵێت "پێناچێت ئەو ناوچەیەی ئەم مەیخانەو کاروانسەرایەی تێدا دۆزرایەوە، گەڕەکی ئەرستۆکراسی‌و دەوڵەمەندەکانی ئەو سەردەمە بێت، وا دیارە ئەم شوێنە شوێنی کۆبونەوەی خەڵکی ئاسایی ئەو سەردەمە بووبێت".

شوێنەوارناسان پێیانوایە ئەم شوێنە شوێنێک بوە کە ئەو کەسانەی لەماڵەوە دور بون یان کاریان دەکرد، دەیانتوانی خواردن‌و خواردنەوەی ڕۆژانەیان دەستبکەوێت.

پیتمان دەڵێت "ئێمە دەمانەوێت بزانین ئایا ئەم کەسانە لەکاری بەرهەمهێنان‌و دروستکردنی گۆزەو گۆزەگەر بون یان نا؟".

تیمی پڕۆژەی شوێنەوارناسی لەگەش دەیانەوێت زیاتر بزانن دەربارەی ژیانی کەسانی ئاسایی کە لەم شارەدا ژیاون.

گودمان دەڵێت "هیوادارین بتوانین لەگێڕانەوەی ئەم مێژوە دێرین‌و لەمێژینەیەدا هاوسەنگییەک دروست بکەین کە پێشبینی دەکرێ لەشوێنە دێرین‌و کۆنەکاندا تەنها دەوڵەمەندو هەژار بونیان هەبوەو هیچ شوێنەوارێک لەچینی ناوەڕاستی کۆمەڵگا بەدیناکرێت".

شوێنەوارناسان 100 دەفریان دۆزیوەتەوە کە هێشتا پاشماوەی خۆراکیان تێدایە

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×