مەسرور بارزانی وەڵامی سكاڵاكەی "شنیار ئەنوەر" دەداتەوە
  2023-02-11       1089       

شنیار ئەنوەر، چالاكوانی كورد لە ئەمریكا رایگەیاند، دوێنێ هەینی مەسرور بارزانی، سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان لەڕێگەی پارێزەرەكانییەوە وەڵامی سكاڵاكەی منی داوەتەوە كە ساڵی رابردو لەسەری تۆمارم كردبو بەتۆمەتی ناوزڕاندن و دروستكردنی مەترسی لەسەر ژیانم. دەشڵێت، رۆژی 31ی 3ی ئەمساڵ لە دادگای فیدراڵی ئەمریكا لەگەڵ مەسرور بارزانی روبەڕوی یەكتر دەبینەوە.

ئاوێنە: شنیار ئەنوەر لە راگەیەندراوێكدا وتویەتی، ‎دوێنێ ۱٠ی شوباتی ۲٠۲۳، پارێزەرانی مەسرور بارزانی، بەناوەکانی بنجامین چیو، دەیڤد بەرگر لە کۆمپانیای گرینبێرگ وەڵامی شکاتەکەی منیان دایەوە کە ساڵی رابردو دژی مەسرور بارزانی، سەرۆک وەزیرانی هەرێمی کوردستان  تۆمارم کردبو بەتۆمەتی ناوزراندن و دروستکردنی مەترسی لەسەر ژیانم.

ئەوەشی خستۆتەڕو، ‎لە داواکەدا پارێزەرەکانی مەسرور بارزانی داوادەکەن دادگای ناوچەی ئەلێکزاندریا کە داواکەی تێدا تۆمار کراوە پارێزبەندی بدات بە مەسرور بارزانی وەک هاوڵاتییەکی عێراقی و سەرۆکی حکومەتێکی خۆجێی کە بەشێکە لە عێراق.

‎بەپێی قسەی شنیار ئەنوەر، هەروەها پارێزەرەکانی بارزانی باس لەوە دەکەن ئەو بەیاننامەیەی حكومەتی هەرێم مەسرور بارزانی لێی بەرپرس نییە كە تێیدا شنیار تۆمەتبار كراوە بە بونی پەیوەندی لەگەڵ ئەو رۆژنامەنوسە ئەمریكییەی كە چەند بەڵگەیەكی لەسەر موڵكەكانی مەسرور بارزانی لە ئەمریكا بڵاوكردەوەو دەڵێن، بەرپرسی راگەیاندنی نوسینگەکەی لێی بەرپرسە، هەروەها راشیدەگەیەنن کە مەبەستی ئەوان لە وشەی "پەیوەندی" لە بەیاننامەکەدا بەمانای پەیوەندی سێکسی نایەت بەڵکو بەمانای ئەوەی کە  شنیار ئەنوەر گفتوگۆی هەبوە لەگەڵ رۆژنامەنوسە ئەمریکییەکە.

شنیار ئەنوەر باسی لەوەشكردوە، ‎هەروەها لە داواکەدا بۆ دادگا تیمی پارێزەرانی مەسرور بارزانی نکوڵی لە بونی موڵکەکانی میامی ناکەن و دان بەوەش دا دەنێن کە مەسرور بارزانی لە ڤێرجینیا موڵکی هەیە بە هاوبەشی لەگەڵ کەسانی تردا، بەڵام رەتیدەکەنەوە کە دانیشتوی ڤێرجینیا بێت کە داواکەی لێ تۆمار کراوە.

بەپێی راگەیەندراوەكەی شنیار ئەنوەر، لە بەشێکی تری داواکەدا پارێزەرانی مەسرور بارزانی بانگەشەی ئەوە دەکەن کە بارزانی خاوەنی پارێزبەندییە وەک بەرپرسێکی عێراقی و کە بەپێی یاساکانی ویلایەتە یەکگرتوەکانی ئەمریکا سەرۆک و سەرۆک وەزیرانی وڵاتانی بیانی پارێزبەندییان هەیەو ناتوانرێت دادگایی بکرێن.

‎شنیار ئەنوەر ئاماژەی بەوەشداوە كە پارێزەرەکانی بارزانی باس لەوەش دەکەن کە مەسرور بارزانی ئەو بەیاننامەی بەناوی حکومەتەی هەرێمەوە دەرکردوە نەک خۆی بە شەخسی، حکومەتی هەرێمیش بەشێکە لە عێراق و پارێزبەندی دەیگرێتەوە.

ئەوەشی خستۆتەڕو، پارێزەرانی بارزانی بانگەشەی ئەوە دەکەن کە شنیار ئەنوەر کەسایەتییەکی سیاسی و گشتییە وەک کەسایەتیەکی ئۆپۆزسیۆن رەخنە لە مەسرو بارزانی و حزبەکەی و بنەماڵەکەی دەگرێت و بەو هۆیەوە کێشەکە بە ململانێی سیاسی دو هاوڵاتی عێراقی ناودەبات کە پەیوەندی بەدادگاکانی ئەمریکاوە نییە، بەڵکو دەتوانرێت لە کوردستان کێشەکە یەکلایی بکرێتەوە.

‎ئەوەشی خستۆتەڕو، بەپێی بەڵگەنامەکان کە رادەستی داگا کراوە، بریارە رۆژی ۳۱ی ئازاری ۲٠۲۳ هەریەک لە مەسرور بارزانی و شنیار ئەنوەر روبەروی یەکتر ببنەوە لە بەردەم دادوەر.

‎لە ۷ی دیسەمبەری ۲٠۲۱، رۆژنامەی ئەمێریکان پرۆسپێکت راپۆرتێکی بڵاوکردەوەو چەند بەڵگەیەکی هاوپێچکردبو کە ناو و واژوی مەسرور بارزانی و موکسی بارزانی لەسەر بەڵگەکانی خاوەندارێتی موڵکێک بو بە بەهای ۱۸ ملیۆن دۆلار، دو رۆژ دواتر نوسینگەی سەرۆکی حکومەت لە بەیانێکیدا راپۆرتەکەی بە بێ بنەما لەقەڵەم داو رایگەیاند کە بەڵگەکان ساختەن، هەروەها باسی لەوە کردبو کە ئەو رۆژنامەنوسەی ئەو راپۆرتەی ئامادەکردوە "پەیوەندی" لەگەڵ هاوسەری پەرلەمانتارێکی کوردی  پێشوی عێراق هەیە، ئەوەش وەك ئاماژەیەك بۆ شنیار ئەنوەر.

ئەو بەڵگانەی دادگا كە شنیار ئەنوەر لەگەڵ راگەیەندراوەكەی هاوپێچی كردون:

 

 

 

 

زۆرترین بینراو
© 2025 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×