19 تیمی‌ تەندروستی حکومەتی هەرێم بۆ هاوکاریکردنی زیانلێکەوتووانی‌ بومه‌له‌رزه‌كه‌ لەتورکیان
  2023-02-11       386       


19 تیمی‌ وەزارەتی تەندروستی حکومەتی هەرێم لەتورکیان بۆ هاوکاریی زیانلێکەوتووانی بومەلەرزەكه‌ی‌ ئه‌و وڵاته‌و سەرۆکی تیمه‌كه‌ش ده‌ڵیت، "تا ئێستا دو هەزارو 677 حاڵەتمان چارەسەر کردووەو 61 تەرمیشمان بۆ نەخۆشخانە گواستووەتەوەو بەردەوامیش دەبین لەکارو هاوکاری."

ئاوێنه‌: د. ڕەعد نەجمەدین ئەنوەر، سەرۆکی تیمی وەزارەتی تەندروستی حکومەتی هەرێمی کوردستان بۆ هاوکاریکردنی زیانلێکەوتووانی بومەلەرزەكه‌ی تورکیا ڕایگه‌یاندووه‌، ''ئێمە وەکو وەزارەتی تەندروستیی حکوومەتی هەرێمی کوردستان تیمەکان شەوی دووشەممە بەڕێ کەوتین بۆ وڵاتی تورکیا، ئەمە شەشەم ڕۆژمانە لە تورکیاین کە ئێمە 82 پزیشک و کارمەند و شوفێری ئامبۆڵانسین و بەسەر 19 تیمدا دابەش کراون و شەش تۆن دەرمانیشمان لەگەڵدایە و یەکەم جار چووینە شارۆچکەی ئیسلاحی سەر بە عەنتاب، بەڕاستی شارۆچکەکە وێرانە و زیاتر لە 85%ی ڕووخاوە و بە هەماهەنگی لەگەڵ وەزارەتی ناوخۆ بەردەوامین لە دەرهێنانی ئەوانەی زیندوو ماون لەبن خانووە ڕووخاوەکان و ئەوانەی دیکە وەکوو نەخۆشخانەی گەڕۆک سەردانی ئەو خێزانانە دەکەن کە لە خێوەتگەکان دەژین و چارەسەری ئەوان دەکەن، بۆیە لەگەڵ دەزگای خێرخوازیی بارزانی بەردەوامن لە هاوکارییەکان.''

وتیشی، ''تا ئێستا نزیکەی دوو هەزار و  677 حاڵەتی نەخۆش و بریندارمان چارەسەر کردووە و 61 تەرممان گواستووەتەوە بۆ نەخۆشخانەی ئیسلاحیە و هەماهەنگیی باشمان لەگەڵیان هەیە و 59 کەسمان گواستووەتەوە کە لە مەیدانی چارەسەریان نەدەکرا و پێویستیان بە نەشتەرگەریی گەورە هەبوو و دزگای ئافات هەیە لە ڕێگەی ئەوان شوێنمان بۆ دەستنیشان دەکەن و ئێمەش کاری تێدا دەکەین و کارکردنیش بەردەوامە.''

راشیگه‌یاندووه‌، ''مانەوەمان پەیوەستە بەو کارەی هەیە و لە سەرووی خۆمانەوە بڕیاری لێ دەدرێت و ئەوەی بە ئێمە گەیشتووە ژمارەیەکی زۆری خەڵک لەبن شوێنە ڕووخاوەکان ماون و تیمەکان لە گەڕان بەردەوامن و ئەمڕۆ ئاگادار کراینەوە کە دەنگی هاووڵاتییەک دێت هێشتا زیندووە و کار بۆ ڕزگارکردنی دەکەین، لەبەر ئەوەی ژمارەیەکی زۆری بێسەروشوێن هەیە و کار بۆ دۆزینەوەیان دەکرێت.''

 

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×