رۆژهه‌ڵاتی‌ كوردستان.. بەتۆمەتی خۆپیشاندان دو برا مەترسی سەپاندنی سزای لەسێدارەدانیان لەسەرە
  2023-02-12       482       
فەرهادو فەرزاد تەهازادە


دەسەڵاتی دادوەری ئێران تۆمەتی “شەڕ دژی خودا” و “خراپەکاری لەسەر زەوی”، ئاراستەی دو برای خەڵکی شاری شنۆی ڕۆژهەڵاتی کوردستان کرد، کە لەخۆپیشاندانەکانی ئەو شارەدا دەستگیرکرابون، ئه‌و دو تۆمه‌ته‌ش مەترسی سەپاندنی سزای لەسێدارەدانیان لەسەرە.

ئاوێنه‌: سایتی هه‌رانا، ئۆرگانی کۆمەڵەی چالاکوانانی مافی مرۆڤ لەئێران بڵاویکردەوە، داواکاری گشتی شاری ورمێ، بەفەرمی تۆمەتەکانی “شەڕ لە دژی خودا” و “خراپەکاری لەسەر زەوی” ئاراستەی فەرهادو فەرزاد تەهازادە کردووە.

بەوتەی سەرچاوەیەکی نزیک لەبنەماڵەی تەها زادە، فەرزادو فەرهاد لەدۆسیەیەکی هاوبەشدا لەگەڵ كه‌سێكی‌ تر به‌ناوی‌ هێمن شاهی، کە ئەویش لەخۆپیشاندانەکاندا دەستگیرکرابو، ئەو تۆمەتانەیان ڕوبەڕو کراوەتەوە.

دوای بەفەرمی ئاراستەکردنی ئەو تۆمەتانە، دۆسیەی ئەو دو برایە ڕەوانەی لقی سێی دادگای شۆڕشی شاری ورمێ کراوە، کە پێشتریش دۆسیەکەی هێمن شاهی بۆ هەمان لق ڕەوانە کرابوو.

ئاراستەکردنی ئەو تۆمەتانە لەکاتێکدایە، تا چەند رۆژێك پێش ئێستا پارێزەرەکانی فەرهادو فەرزاد نەیانتوانیبو دەستیان بەدۆسیەکەیان بگات.

به‌هۆی‌ ئاراسته‌كردنی‌ ئه‌و دو ئەو تۆمەتە، ئەگەری هەیە لەدادگا سزای لەسێدارەدان بەسەر ئەو دو برا کوردەدا بسەپێندرێت.

پێشتر دایکی فەرهادو فەرزاد تەهازادە رۆژی 14.12.2022 لەپەیامێکدا داوای ئازادکردنی کوڕەکانی کردو وتی، "کوڕەکانم تاوانیان نییە. بێ ئەوەی دادگایی بکرێن حوکمیان داون، بەبێ ئەوەی بەڵگەیەکیان لەسەر بێت. ئەشکەنجەدراون." 

دواتر ناسر عەتەباتی، سەرۆکی دادی پارێزگای ورمێ رەتیکردەوە ئەو دو برایە حوکمیان بەسەردا سەپێنرابێت. 

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×