ناوه‌ڕۆی‌ كۆبونه‌وه‌ی‌ وه‌فدی‌ حكومه‌تی‌ هەرێمی کوردستان‌و وەزارەتی نەوتی عێراق
  2023-02-12       646       

وه‌فدی‌ حکومەتی هەرێم له‌گه‌ڵ وەزارەتی نەوتی عێراق كۆبونه‌وه‌و وته‌بێژی‌ حكومه‌تی‌ هه‌رێمی‌ كوردستان-یش ده‌ڵێت،  لەبارەی رەشنوسی پرۆژە یاسای نەوت‌و گازی عێراقی فیدراڵ کۆبونەته‌وەو دیدو تێڕوانینی حکومەتی هەرێمی کوردستان-یان خستۆتەڕو.

ئاوێنه‌: له‌چوارچێوه‌ی‌ سه‌ردانه‌كه‌یاندا بۆ به‌غدا، ئەمڕۆ یەکشەممە، وه‌فدی‌ حکومەتی هەرێمی کوردستان سەردانی وەزارەتی نەوتی عێراقیان کردو لەگەڵ وه‌فدێکی وەزارەتی نەوت کۆبونەوە. 

له‌باره‌ی‌ ناوه‌ڕۆكی‌ كۆبونه‌وه‌كه‌وه‌ جوتیار عادل، وته‌بێژی‌ حكومه‌تی‌ هه‌رێمی‌ كوردستان له‌په‌ڕه‌ی‌ خۆی‌ له‌تۆڕی‌ كۆمه‌ڵایه‌تی‌ فه‌یسبوك نوسیویه‌تی‌، "ئەمڕۆ یەکشەممە، وەکو وه‌فدی‌ حکومەتی هەرێمی کوردستان لەشاری بەغدا لەگەڵ وەزارەتی نەوتی عێراق لەبارەی رەشنوسی پرۆژە یاسای نەوت‌و گازی عێراقی فیدراڵ کۆبوینەوە. لەکۆبونەوەکەدا دیدو تێڕوانینی حکومەتی هەرێمی کوردستانمان خستەڕو".

ده‌شڵێت، "کۆبوونەوەکان لەسەر ئەو پرسە بەردەوام دەبن‌و کار دەکەین بۆ گەیشتن بەرێکەوتنێک کە لەچوارچێوەی دەستوری عێڕاقی فیدراڵ‌و کارنامەی حکومەتی نوێی عێراق بێت‌و لەبەرژەوەندی تەواوی هاوڵاتیانی هەرێمی کوردستان‌و عێراقدا بێت."

هاوكات وەزارەتی نەوتی عێراق لەراگەیه‌ندراوێکدا ئاماژه‌ بۆ كۆبونه‌وه‌كه‌ ده‌كات‌و ڕایگه‌یاندووه‌، ئەمڕۆ لەیس شاهر، بریکار وەزارەتی نەوت بۆ کاروباری دابەشکردن لەگەڵ وه‌فدی‌ حکومەتی هەرێمی کوردستان کۆبوەوە. ژمارەیەک بەرپرسی فەرمانگە پەیوەندیدارەکان لەوەزارەتی نەوت ئامادەبون.
 
وەزارەتی نەوت ڕاشیگه‌یاندووه‌، سەردانەکە لەچوارچێوەی زنجیرە دیدارو کۆبونەوەکانی وه‌فدی‌ هەرێمی کوردستانە لەگەڵ بەرپرسانی وەزارەتی نەوت، بەمەبەستی تاوتوێکردن‌و پێداچونەوە بەپرسە هاوبەشەکان بەتایبەتی کێشە هەڵپەسێردراوەکانی نێوان حکومەتی ناوەندو هەرێمی کوردستان لەبارەی دۆسەی نەوت‌و گاز.  
 
له‌به‌شێكی‌ دیكه‌ی‌ ڕاگه‌یه‌ندراوه‌كه‌ی‌ وه‌زارتی‌ نه‌وتدا هاتووه‌، "لەکۆبونەوەکەدا وەزارەتی نەوتی عێراق پابەندبونی خۆی دوپاتکردەوە بەبەڕێوەبەردنی سامانی نیشتمانی‌و پەرەپێدان و پاراستنی، بەپێی دەستورو یاساو رێنماییە کارپێکراوەکان، بەشێوەیەک سودی بۆ گەلی عێراق هەبێت بەهەموو پێکهاتەکانییەوە".  

به‌بێ به‌شداری ئه‌ندامانی تیمی یه‌كێتی، ئێواره‌ی‌ دوێنێ شه‌ممه‌، وه‌فدی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان گه‌یشته‌ به‌غداو به‌گوێره‌ی راگه‌یه‌ندراوی فه‌رمانگه‌ی میدیاو زانیاری حكومه‌تی‌ هه‌رێم-یش، "ئامانج لە سەردانی وه‌فدی حکومەتی هەرێمی کوردستان بۆ گفتوگۆکردنە لەسەر شایستە داراییەکانی حکومەتی هەرێمی کوردستان لەپڕۆژە یاسای بودجەی ساڵی 2023 عێراق‌و پڕۆژە یاسای نەوت‌و غازو مادەی 140 و چەند دۆسیەیەکی دیكه‌."
 
وه‌فدەکەی هەرێمی کوردستان پێكهاتون له‌ئاوات جه‌ناب نوری وه‌زیری دارایی‌و ئابوری وه‌كو سه‌رۆكی وه‌فدو ئه‌ندامێتی كه‌مال محه‌مه‌د، وه‌زیری كاره‌باو وه‌زیری سامانه‌ سروشتییه‌كان به‌وه‌كاله‌ت، د.ئومێد سه‌باح، سه‌رۆكی دیوانی ئه‌نجومه‌نی وه‌زیران، خالد هادی چاوشلی، سه‌رۆكی دیوانی چاودێری دارایی هه‌رێم‌و فارس عیسا، سه‌رۆكی نوێنه‌رایه‌تی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان له‌به‌غداو جوتیار عادل وته‌بێژی حكومه‌ت، ستافی هه‌ردو وه‌زاره‌تی سامانه‌ سروشتییه‌كان و وه‌زاره‌تی دارایی و ئابوری.

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×