2023-02-12   554     
مەحمود محەممەد
مەحمود محەممەد، وتەبێژی پارتی دیموکراتی کوردستان دهڵێت، یەکێتی داوایکرد کۆبونەوەی داهاتوی ههردولا دوابخرێتو ئێستا چاوەڕوانین کاتێک دیاری بکەن بۆ ئەوەی کۆببنەوە.
ئاوێنه: مەحمود محەممەد بهمیدیاكارنی حزبهكهی راگەیاندووه، "وەکو دەستپێشخەرییەک لەگەڵ یەکێتی کۆبونەوەیەکمان ئەنجامداو کۆمەڵێک گرفتمان باسکردو رێگەچارەشمان بۆ سەرجەم گرفتەکانی پەیوەست بەپەرلەمان و حکومەت و ئەو گرفتانەش کە پەیوەستبون بەبابەتە ئەمنییەکانەوە خستەڕو."
دەشڵێت، "ئەو تەوەربەندییەی لەکۆبونەوەی یەکەم کردبومان زۆر باش بو، لەزۆربەی ئەو بابەتانەدا نزیکبوین لەیەکدی. بڕیاریش بو شەممەی دواتر بەیەکەوە دابنیشینەوە، بەڵام ئەوان بڕیاریاندا جارێ ئەم دانیشتنە دوابخرێتو ئێمەش چاوەڕوانی ئەوانین."
لەبارەی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان، وتەبێژی پارتی دهڵێت، "یەکێتی و هەندێک لایەنی دیکە لەگەڵ ئەوەبون هەمواری یاسای هەڵبژاردن بکرێت و گفتوگۆ لەسەر هەندێک بابەتی دیکە بکرێت؛ بۆیە ناچاربوین هەڵبژاردن دوابخەین، ئەگینا پرسی هەڵبژاردن پرسێکی نیشتمانی و نەتەوەییە. بەپێی یاسا دەبێت تا مانگی 10ی ئەمساڵ هەڵبژاردن ئەنجامبدرێت."
ئاماژه بۆ ئهوهش دهكات، "ئەگەر لەمانگی سێی ئەمساڵدا سەرۆکی هەرێمی کوردستان مەرسومێک دەربکات بۆ دیاریکردنی کاتی هەڵبژاردن و کۆمیسیۆنیش کارا بکرێتەوەو یاسای هەڵبژاردن هەموار بکرێتەوە، پێمانوایە پێڕادەگەین هەڵبژاردن ئەنجامبدەین."