"تا ئێستا فرۆشتنی دۆلار بە نرخی بانكی ناوەندی لە فڕۆكەخانەی سلێمانی جێبەجێ نەكراوە"
  2023-02-13       655       

بڕیار رەشید، پەرلەمانتاری یەكێتی لە پەرلەمانی عێراق رایگەیاند، تا ئێستا بڕیاری فرۆشتنی دۆلار بە نرخی بانكی ناوەندیی عێراق لە فڕۆكەخانەی سلێمانی جێبەجێ نەكراوە، ئەوەش بەهۆی بانكی رەشید و بانكی TBI بڕیاریان نەداوە لەناو فڕۆكەخانەكە لق بكەنەوەو هەروەها لقی بانکی ناوەندیی عێراق لە هەولێر ئامادە نییە هاوکاری لقی سلێمانی بانکی ناوەندی هەرێم بکات.

ئاوێنە: بڕیار رەشید، ئێوارەی ئەمڕۆ دوشەممە، لە راگەیەندراوێكدا وتویەتی"بە داخەوە سلێمانی دوبارە قوربانییە...بەداخەوە تاکو ئێستا لە فرۆکەخانەی سلێمانی بڕیاری فرۆشتنی دۆلار بە نرخی بانكی ناوەندی جێبەجێ نەکراوە."

وتوشیەتی، رۆژی 29ی مانگی رابردو، بانكی ناوەندی رەزامەندی دا كە هەریەكە لە بانكەكانی (رافیدەین، رەشید، TBI) لە فڕۆكەخانەكانی سلێمانی و هەولێر هەڵسن بە فرۆشتنی دۆلار بە نرخی بانكەكە، بەڵام بانكی رافیدەین لقی لە كوردستان نییەو تەنها بانكی رەشید و TBI لقیان هەیە، ئەو دو بانكەش بڕیاریان نەداوە کە لە ناو فرۆکەخانەی سلێمانی لق بکەنەوە "چونکە بە پێی قسەی خۆیان قازانجەکەی بۆ ئەوان کەمەو بەشی تێچوی کردنەوەو

تێچوی کارمەندەکان قازانج ناکەن."

ئەو پەرلەمانتارە ئەوەشی خستۆتەڕو"لای خۆمانەوە بانکی ناوەندیمان ئاگادارکردەوە لەوەی ئەو دو بانکە بڕیارەکەی لە سلێمانی جێبەجێ ناکەن، چاوەڕوانی بڕیاری بانکی ناوەندی دەبین بۆ ئەوەی یان ئەو دو بانکە پەیوەست کات بە کردنەوەی لقێکی کاتی لە نێو فرۆکەخانەی سلێمانی یاخود ئەو بڕە پارەیەی دانراوە بۆ گەشتیارانی فرۆکەخانەی سلێمانی بدات بەیەکێک لەو بانکانەی لە نێو فرۆکەخانەی سلێمانی لقیان هەیە تاوەکو کارئاسانی بۆ گوڕینی دراو بەنرخی فەرمی بۆ گەشتیاران بکەن."

بڕیار رەشید وتوشیەتی"گرفەتەکە دیسان روبەری سلێمانی بۆتەوە، بانکی ناوەندی هەرێم لقی سلێمانی راستەوخۆ سەر بە بانکی ناوەندی عێراق نییە بۆیە ناتوانێت راستەوخۆ دۆلار بە نرخی بانکی ناوەندی وەربگرێت و لقی بانکی ناوەندی عێراق لە هەولێر ئامادە نییە هاوکاری بانکی ناوەندی هەرێم/ سلێمانی بکات. بۆیە ئەمە هۆکار دەبێت بۆ ئەوەی زۆربەی گەشتیاران جارێکی تر رو لە فرۆکەخانەی سلێمانی ناکەن بەڵكو بەرەو فرۆکەخانەی هەولێر دەڕۆن."

پەرلەمانتارەكەی یەكێتی وتوشیەتی"لەهەوڵداین تاکو بەشێوەیەکی کاتی لقی بانکی کوردستان یان بانکی (RT) لە ناو فرۆکەخانەی سلێمانی بکەینەوە تاکو بەستنەوەی بانکی ناوەندی کوردستان لقی سلێمانی بە بانکی ناوەندی عێراقەوە و چارەسەرکردنی ئەم کێشەیە."

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×