نێچیرڤان بارزانی: هەرێمی كوردستان خوازیارە سودمەند بێت لە پڕۆژەكانی چین لە عێراق
  2023-02-13       443       

نێچیرڤان بارزانی، سەرۆكی هەرێمی كوردستان لەمیانی كۆبونەوەی لەگەڵ وەفدێكی كۆماری میللیی چین، رایگەیاند، هەرێمی كوردستان خوازیارە سودمەند بێت لە پڕۆژەكانی ئەو وڵاتە لە عێراق.

ئاوێنە: بەپێی راگەیەندراوێكی سەرۆكایەتی هەرێمی كوردستان، نيوه‌ڕۆى ئه‌مڕۆ دوشه‌ممه، نێچيرڤان بارزانى، سه‌رۆكى هه‌رێمى ‏كوردستان، پێشوازى له‌ وەفدێكى كۆمارى میلليى چين به‌ سه‌رۆكايه‌تيى ژو ‏ڕوى، یاریدەدەری وەزیر لە فه‌رمانگه‌ى په‌يوه‌ندييه‌كانى ده‌ره‌وه‌ى کۆمیتەی ‏ناوەنديی پارتى كۆمۆنيستى چین كرد.‏

بەگوێرەی راگەیەندراوەكە، له‌ ديدارێكدا كه‌ باڵيۆزى چين له‌ به‌غدا و به‌رپرسان له‌ كونسولخانه‌ى ‏گشتيى چين له‌ هه‌ولێر ئاماده‌ى بون، په‌يوه‌ندييه‌كانى چين له‌گه‌ڵ عێراق و ‏هه‌رێمى كوردستان، دۆخى عێراق و ئاڵنگارييه‌كانى به‌رده‌مى، په‌يوه‌ندييه‌كانى هه‌ولێر ‏ـ به‌غداو گفتوگۆى چاره‌سه‌ركردنى كێشه‌كانيان، تاوتوێ كرد.‏

وەك لە راگەیەندراوەكەدا هاتوە"هه‌ردولا ئاماژه‌يان به‌وه‌دا كه‌ به‌ بايه‌خه‌وه‌ له‌ په‌يوه‌ندييه‌كانى چين له‌گه‌ڵ عێراق و ‏هه‌رێمى كوردستان ده‌ڕوانن و خوازيارى بره‌ودان به‌ هاريكاريى نێوانيانن، به‌تايبه‌تى ‏له‌ بوارى بازرگانى و كولتوريدا. هه‌ر له‌م باره‌يه‌وه‌ باس له‌ كارو چالاكييه‌كانى ‏كۆمپانيا چينييه‌كان له‌ عێراق كرا.‏"

هەر بەپێی راگەیەندراوەكە، ده‌رباره‌ى كێشه‌كانى هه‌ولێرـ به‌غدا، نێچيرڤان بارزانى جه‌ختى له‌وه‌ ‏كرده‌وه‌ كه‌ "جێبه‌جێكردنى سيستمى فيدرالى له‌ عێراق و چاره‌سه‌ركردنى كێشه‌كان ‏له‌سه‌ر بنه‌ماى ده‌ستور، ده‌بێته‌ هۆى سه‌قامگيرى و بره‌ودانى زياتر به‌ بوارى ‏ئابورى. هه‌روه‌ها خواستى هه‌رێمى كوردستانى دوپاتكرده‌وه‌ بۆ سودمه‌ندبون له‌و ‏پرۆژانه‌ى چين له‌ عێراق ئه‌نجاميان ده‌دات."‏

لە راگەیەندراوەكەدا هاتوە، "په‌يوه‌ندييه‌كانى عێراق و هه‌رێمى كوردستان له‌گه‌ڵ وڵاتانى دراوسێ و ناوچه‌كه‌، ‏شه‌ڕى دژى تيرۆر و دوايين پێشهاته‌كانى ناوچه‌كه‌ به‌گشتى، لايه‌نێكى ديكه‌ى ‏ديداره‌كه‌ بون."

زۆرترین بینراو
© 2025 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×