ژمارەیەك خاوەن پڕۆژەی هێلكە رایدەگەیەنن، لە ئێستادا لە پارێزگای سلێمانی، هەڵەبجەو هەردو ئیدارەی راپەڕین و گەرمیان هێلكەیەكی زۆری قاچاخ هاوردەدەكرێت، بەبێ ئەوەی هیچ رێگرییەك بكرێت. دەشڵێن: پڕۆژەكانی هێلكە لە پارێزگای سلێمانی لە ئەنجامی ئەم هەڵە ئابوری و بازرگانییەی كە لایەنە بەرپرسەكان دەیكەن، نزیكبونەتەوە لە مایەپوچبون.
ئاوێنە: ژمارەیەك خاوەن پڕۆژەی هێلكە لە نوسراوێكدا بۆ وەزیری كشتوكاڵ رایانگەیاندوە، لە ئێستادا ئەو دەسكەوتەی كە لە سێكتەری پڕۆژەكانی هێلكەدا كاری بۆ كراوە، توشی كارەساتێك بوە كە ئەگەر چارەسەر نەكرێت لە كیس دەچێت و بەهەزاران كەس بێكار دەبن.
وتوشیانە"لە ئێستادا لە پارێزگای سلێمانی و هەڵەبجەو هەردو ئیدارەی سەربەخۆی راپەڕین و گەرمیان هێلكەیەكی زۆری قاچاخ هاوردە دەكرێت و بازرگانەكان بەشێوەیەكی ئاسایی لەناو شاردا دەیفرۆشن و هیچ رێگرییەكیان لێ ناكرێت لەلایەن لایەنە پەیوەندیدارەكانەوە، بەڵكو تاڕادەیەك پشتگیرییان لێ دەكرێت و دەروازەكانیان بە بەردەوامدا دەكرێتەوە."
هەروەها وتوشیانە"لە ئێستادا پڕۆژەكانی پارێزگای سلێمانی، لە ئەنجامی ئەم هەڵە ئابوری و بازرگانییەی كە لایەنە بەرپرسەكان دەیكەن، نزیكبوینەتەوە لە مایەپوچبون و سەربڕینی مریشكەكانی ناو پڕۆژەكانمان، بۆیە داوا لە بەڕێزتان دەكەین كە ناچارمان مەكەن روبەڕوی ئەو شسكتە مەزنە ببینەوە، چونكە ئەم كارە بەردەم بێت ناچار دەبین بە داخستنی پڕۆژەكانمان لە ماوەیەكی نزیكدا."
