وەزیرێكی گۆڕان: بەشدارینەکردنی تیمی یەکێتی لە کۆبونەوەکانی ئەنجومەنی وەزیران بڕیارێکی سیاسییە
  2023-02-13       458       

دانا عەبدولکەریم وەزیری ئاوەدانکردنەوە و نیشتەجێکردنی حکومەتی هەرێم لە پشكی گۆڕان دەڵێت، بەشدارینەكردنی تیمی یەكێتی لە كۆبونەوەكانی ئەنجومەنی وەزیران بڕیارێكی سیاسییە.

ئاوێنە: دانا عەبدولكەریم، ئەمڕۆ دوشەممە، بە میدیای پارتی راگەیاند"پێویستە  ئێمە هەر گرفت و ناكۆكییەكمان هەبێت لە کۆبونەوەکانی ئەنجومەنی وەزیران باسبکرێن و چارەسەربکرێن، ئەكرێت كۆبونەوە بكەین و باسی ناكۆكییەكانیشمان بكەین. بەڵام ئەگەر كۆبونەوە نەكەین لەوانەیە چارەسەركردنی ناكۆكییەكانیشمان قورستر بێت."

ئەو وەزیرەی حكومەتی هەرێم وتوشیەتی"بەڵام بەداخەوە ئەو دۆخەی ئێستا هەیە، دۆخێك نییە تەنها پەیوەندیدار بێت بە ناكۆكی ناو كابینەی حكومەت، بەڵكو دۆخێكە پەیوەندیدارە بە ناكۆكیی سیاسی لایەنە سیاسییەكانەوە بەتایبەتیش ناكۆكی نێوان پارتی و یەكێتی."

جەختیشی كردۆتەوە كە "بەشدارینەكردنی تیمی یەكێتی لە كۆبونەوەكانی حكومەت بڕیارێكی سیاسییە كە یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان خۆی داویەتی."

دانا عەبدولكەریم وتوشیەتی"ئێمە وەكو بزوتنەوەی گۆڕان بەلامانەوە گرنگە كە هەمو لایەنە سیاسییەكان، نەك تەنها یەكێتی و پارتی و گۆڕان كە لە حكومەتدان، لەسەر پرسە نیشتمانییەكان بتوانین كۆدەنگ بین و بابەتەكانی تر كە ململانێی سیاسییان لەسەر ئەكەین بۆ خزمەتكردنی گشتی بێت."

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×