كەشناسی: سبەینێ بەفر و بارانە
  2023-02-14       323       

كەشناسییەكانی سلێمانی، هەرێمی كوردستان و عێراق پێشبینییەكانی كەشوهەوای ئەمڕۆ و سبەینێیان بڵاوكردەوە و ئاماژە بۆ بارینی بەفر و دروستبوونی شەختە دەكەن.

ئاوێنە: لە راگەیەندراوێكدا دەستەی گشتیی كەسناسیی عێراق ئەمڕۆ سێشەممە رایگەیاند، پێشبینیدەكرێت سبەینێ چوارشەممە لە ناوچە شاخاوییەكان بەفرببارێت و لە ناوچەكانی خۆرئاوای عێراق باراندەبارێت، كەشی ناوچەكانی ناوەڕاست و باشووریش هەور دەبێت.

هەر ئەمڕۆ بەشی پێشبینیی كەشوهەوا لە وەزارەتی گواستنەوە و گەیاندنی هەرێمی كوردستان، کەشى پێشبینیکراوى 48 کاتژمێرى داهاتووی بڵاوكردەوە و لە راگەیەندراوێكدا دەڵێت، ئەمڕۆ کەش/ ئاسمان ساماڵ دەبێت لەگەڵ پەیدابوونی هەندێک پەڵەهەور، لە کاتەکانی شەودا لە ناوچە شاخاوییەکان شەختە دروستدەبێت.

لەبارەی كەشوهەوای سبەینێ چوارشەممەوە، راگەیەندراوەكە پێشبینیكردووە کەش ساماڵ ببێت لەگەڵ پەیدابوونی هەندێک پەڵەهەور و ئاشكرایكردووە، لە کاتەکانی شەودا لە ناوچە شاخاوییەکان شەختە دروستدەبێت و پلەکانی گەرما نزیکدەبنەوە لە تۆمارکراوی رۆژانی پێشوو.

هاوكات بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی كەشناسی و بومەلەرزەزانیی سلێمانی رایگەیاند، سبەینێ چوارشەممە لە کاتەکانی شەودا لە ناوچە شاخاوییەکان بەهۆی دابەزینی پلەکانی گەرما بۆ ژێر سفری سیلیزی شەختە دروستدەبێت.

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×