وەزارەتی ناوخۆی عێراق: بەر لە هاتنی مانگی رەمەزان نرخی شتومەک کۆنتڕۆڵ دەکەین
  2023-02-14       246       

وەزارەتی ناوخۆی عێراق ئاشکرایکرد، لەگەڵ نزیکبوونەوەی مانگی رەمەزاندا، رێوشوێنی پێشوەختەیان گرتووەتەبەر بۆ کۆنتڕۆڵکردنی نرخەکان.

ئاوێنە: لیوا خالید مەحنا، وتەبێژی وەزارەتی ناوخۆی عێراق بە ئاژانسی هەواڵی عێراقی راگەیاندووە، "هەندێک کەس دەرفەت لە قەیرانەکان وەردەگرن بە مەبەستی بەرزکردنەوەی نرخەکان و قۆستنەوەی هەل لە هاوڵاتیان بۆ قازانجێکی نایاسایی".

راشیگەیاند: "یەکێک لە ئەرکەکانی وەزارەتی ناوخۆ و بەڕێوەبەرایەتی بەرەنگاربوونەوەی تاوانی رێکخراو و قۆرغکاری و دەستکاریکردنی نرخەکانە لە بازاڕدا، بۆیە مەفرەزەکانی رووبەڕووبونەوەی تاوانەکانی ئابووری چالاک دەکرێن بۆ بەدواداچوون و دەستگیرکردنی ئەوانەی کاری لەم جۆرە دەکەن".

ئەوەش لە کاتێکدایە، ساڵانە لەگەڵ نزیکبوونەوەی مانگی رەمەزان یاخود بۆنەکاندا، بەشێکی دوکاندارەکان نرخی کەلوپەل و خۆراک گراندەکەن، کە ئەوەش گرانی بازاڕی لێدەکەوێتەوە و هاوڵاتیانیش ساڵانە گلەیی خۆیان لەسەر ئەو بابەتە دەردەبڕن.

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×