چوارچێوەی هەماهەنگی: ئەمریكا (3) مانگ مۆڵەتی مامەڵەی دۆلاری بۆ عێراق درێژكردوەتەوە
  2023-02-14       759       

ڕۆژنامەی (المدی) ڕایدەگەیەنێت "نێوەندە سیاسییەكان باس لەوەدەكەن گەنجینەی ئەمریكا "ماوەیەك ڕێپێدان"ی, داوە بەعێراق سەبارەت بەمامەڵەكردن بەدۆلار كە شیاوی تازەكردنەوەیە, لەكاتێكدا حكومەت ئەو دەنگۆیانە ڕەتدەكاتەوە".

ئاوێنە: بەوتەی ئەو سەرچاوانە بۆ ڕۆژنامەكە, زنجیرەیەك لێكگەیشتن لەنێوان بەغدادو واشنتۆن بووەتە هۆی دواخستنی كاركردن بە سەكۆی ئەلەكترۆنی بۆ ماوەی چەند مانگێك.

ئاماژە بەوەشدراوە "بەشێك لەو لێكگەیشتنانە, پەیوەستن بە چارەنوسی سوپای ئەمریكاو زیادكردنی هاوبەشی لەبواری نەوت و كردنەوەی بواری نوێ‌, لەچوارچێوەی ڕێككەوتنی ستراتیجی لەگەڵ واشنتۆن".  

سەرچاوە سیاسییەكانی نزیك لەچوارچێوەی هەماهەنگی بۆ (المدی): وەفدی عێراق لەواشنتۆن توانیویەتی ماوەی (3) مانگ مۆڵەت وەربگرێت كە شیاوی تازەكردنەوەیە, پێشئەوەی بچێتە ناو سیستمی سویفت.

"ئەمریكا لەو ماوەیەدا چاودێری بەڵێنەكانی عێراق دەكات, لەبارەی كۆنتڕۆڵكردنی بەقاچاغبردنی دۆلار". 

سەرچاوەكانی نزیك لەچوارچێوەی هەماهەنگی: عێراق هەڵوێستی نەرمی نواندووە لەبارەی ڕاكێشانی بۆری نەوتی عەقەبە, هەروەها پێشتریش لێكگەیشتن لەبارەی ڕاگرتنی بۆردومانی هێزەكانی هاوپەیمانان كراوە. 

ئاماژە بەوەشدراوە"عێراق ڕوبەڕوی دووكێشە بووەتەوە: بەقاچاغبردنی دۆلارو, هەوڵەكانی بەقاچاغبردنی پارە دزراوەكانی عێراق بۆ دەرەوەو بەكارهێنانی لەپرۆسەی سپیكردنەوەدا".

 ئەوەشخراوەتەڕوو "وەفدەكەی عێراق بەڵێنی داوە بەواشنتۆن, چارەسەری بەقاچاغبردن و سپیكردنەوەی پارە بكات و, وردە وردە بچێتە ناو سیستمی سویفتەوە".

بە گوێرەی ڕاپۆرتی ڕۆژنامەکە "سودانی دەیەوێت عێراق لەژێر ڕكێفی ئەمریكاوە بچێتە قۆناغی هاوبەشیی لەگەڵی, واشنتۆنیش لەئێستادا كاردەكات لەسەر سەقامگیری عێراق, بۆ زیادكردنی هاوبەشیی لەبواری نەوت و ئابوریدا".

بەڵام مەزهەر محەمەد ڕاوێژكاری دارایی حكومەت لەلێدوانێكدا بۆ ڕۆژنامەكە, ڕتیكردووەتەوە كە هیچ ڕێپێدانێكی ئەمریكی لەبارەی دۆلار بۆ عێراق كرابێت.

دەشڵێت: عێراق 100% پابەندە بەمەرجەكان و, هیچ چارەسەرێكی ترمان لەبەردەمدانییە, جگە لەپابەندبوون و چڕكردنەوەی گفتوگۆكان.

لەبارەی بەرزبونەوەی فرۆشی دۆلاریش لەلایەن بانكی ناوەندییەوە, ڕایگەیاندووە: ئەوە بەهۆی كەڵەكەبوونی داواكارییە لەسەر دۆلارو باشبونی ڕێوشوێنی بانكەكانە.

 

 

​​​​​​

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×