ئەحمەد سەحاف وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی عێراق، گیانلەدەستدانی ١١ ھاوڵاتی عێراقی لە بوومەلەرزەکانی تورکیادا راگەیاند.
ئاوێنه: ئەحمەد سەحاف لە لێدوانێکی رۆژنامەوانییدا رایگهیاند:، لەو بوومەلەرزانەی کە رۆژی شەشی ئەم مانگە لە تورکیا روویاندا، ١١ ھاوڵاتی عێراقی گیانیان لەدەستداوە.
وتیشی: "لەگەڵ لایەنە پەیوەندیدارەکانی تورکیادا، بە گرنگییەوە بەدواداچوون بۆ دوایین زانیارییەکان دەکەین".
باسی لەوەش کرد کە تیمە فریاگوزارییەکانی عێراق بۆ ناوچانەی تورکیا کە بەھۆی بوومەلەرزەکانەوە زیانیان بەرکەتووە نێردراون و ھاوکاری پێشکەش بە زیانلێکەوتووان دەکەن.
رۆژی شەشی ئەم مانگە دوو بوومەلەرزە بەگوڕەکانی ٧،٧ و ٧،٦ پلە لە پارێزگای قەھرەمانمەڕەش باشووری تورکیا روویاندا و کاریگەری لەسەر ١٠ پارێزگای تورکیا و پێنج پارێزگای سوریا دروست کرد. بەپێی دوایین ئامار ژمارەی ئەوکەسانەی لە تورکیا و سوریا بەهۆی بوومەلەرزەکانەوە گیانیان لەدەستداوە ٣٧ هەزار کەسی تێپەڕاندووە.