لەتیف رەشید: نەبونی یاسای نەوت و گاز کێشەی زۆری لە نێوان بەغدا و هەرێم دروستکردوە
  2025-05-16       117       

د. لەتیف رەشید، سەرۆککۆماری عێراق رایگەیاند، نەبونی یاسای نەوت و گاز کێشەی زۆری لەنێوان حکومەتی فیدڕاڵ و هەرێمی کوردستان و پارێزگاکاندا دروست کردوەو بە تێپەڕاندنی یاساکە کێشەکان چارەسەر دەبن.

ئاوێنە: د. لەتیف رەشید لە میانەی چاوپێکەوتنێکیدا رایگەیاند، کاردەکەن بۆ بەرەنگاربونەوەی گەندەڵی لە بەڕێوەبردن و بواری دارایی و هەنگاوی گرنگیان ناوە بۆ روبەڕوبونەوەی ماددەی هۆشبەر.

سەبارەت بە هەڵبژاردنی چاوەڕوانكراوی پەرلەمانی عێراق وتی "خوازیاری سەرکەوتنی هەڵبژاردنین، هەروەها سەرجەم لایەنە سیاسییەکان بەشداری تێدا بکەن و ئەنجامەکانی نوێنەرایەتی عیراقییەکان بکات، هاوکات بە پاکی و ڕونی بەڕێوەبچێت".

هەروەها لەبارەی بەڕێوەچونی لوتکەی وڵاتانی عەرەبی لە بەغدا باسی لەوەکرد، بەڕێوەچونی لوتکەکە لە بەغدا گرنگە بۆ چارەسەری گرفتەکانی فەڵەستین و سودان و لوبنان و سوریا، کە لە لوتکەکەدا لێیان دەکۆڵرێتەوە و بڕیار و راسپاردەی تایبەتیان بۆ دەردەکرێت.

وتیشی، گەلی فەڵەستین پێویستی بە پاڵپشتی هەموان هەیە، گرنگە کۆتایی بە کوشتار بهێنرێت و پێداویستی و هاوکارییە مرۆیی و تەندروستییەکانیان پێ بگەیەنرێت، هەروەها مافەکانیان دەستەبەر بکرێت.

ئەوەشی خستەڕو، "پێشوازی لە هەڵگرتنی سزاکانی سەر سوریا دەکەین، بانگهێشتنامەی فەرمیمان بۆ ئەحمەد شەرع، سەرۆکی قۆناغی راگوزەری سوریا ناردوە بۆ بەشداریکردن لە لوتکەی عەرەبی".

هەروەها ئاماژەی بەوەشدا"هیوای ئاسایش و سەقامگیری بۆ گەلی سوریا دەخوازین و بەئومێدین سیستمێکی دیموکراسی هەبێت کە نوێنەرایەتی سەرجەم پێکهاتەکانی سوریا بکات".

سەرۆککۆمار پێشوازی لە دانوستانەکانی ئەمریکا و ئێران كردو وتی"وەک عێراق پێشوازی لە دانوستانی نێوان ئەو دو وڵاتە دەکەین، پشتیوانی لە سەرکەوتنیان دەکەین و ئامادەین هەمو هەوڵێک بدەین بۆ سەرخستنی و گەیاندنی بە ئەنجامێکی ئەرێنی".

زۆرترین بینراو
© 2025 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×