محەمەد شیاع سودانی، سەرۆك وەزیرانی عێراق رایگەیاند، وڵاتەكەی بیر لە هیچ پڕۆژەیەكی ئاشتی لەگەڵ ئیسرائیل ناكاتەوەو بەپێی دەستورو یاسا لەعێراق، بونی هەر پەیوەندییەك یان هەر دانپێدانانێك بە قەوارەی ئیسرائیلدا، تاوانە.
ئاوێنە: ئەو قسانەی محەمەد شیاع سودانی، سەرۆك وەزیرانی عێراق لەمیانی چاوپێكەوتنێكیدا هاتون لەگەڵ كەناڵی "سكای نیوزی عەرەبی".
لە وەڵامی ئەوەی كە ئایا عێراق لە ئێستادا بیر لە هیچ پڕۆژەیەكی ئاشتی لەگەڵ ئیسرائیل دەكاتەوە؟ سودانی وتی، "بێگومان نەخێر، ئەوەش بەحوكمی هەڵوێستی مەبدەئیمان لەسەر قەوارەی ئیسرائیلی و تاوانەكانی لەدژی گەلی فەلەستین، هەروەها بە حوكمی دەستوری عێراق و یاسا كە بونی هەر پەیوەندییەك یاخود هەر دانپێدانانێك بەو قەوارەیەدا بە تاوان دەزانێت."
سودانی لەبەشێكی دیكەی چاوپێكەوتنەكەیدا ئاماژەی بەوەدا كە نابێت چەك لە دەرەوەی دامەزراوەكانی دەوڵەتی عێراق بونی هەبێت و وتیشی، بونی چەك لە دەرەوەی كۆنترۆڵی دەوڵەت یەكێكە لەو كێشانەی روبەڕوی دەوڵەتی عێراقی بۆتەوە ئەوەش بەهۆی ئەو دۆخە ناسروشتییەی كە لە دو دەیەی رابردودا پێیدا تێپەڕیوین كە روبەڕوبونەوەیەكی توند هەبوە لەگەڵ تیرۆر. بەچەندین شێوە روبەڕوی تیرۆر بوینەتەوە، لەسەر ئاستی دامەزراوەكان، لەسەر ئاستی كەسی و لەسەر ئاستی گروپ.
وتیشی، بەڵام دوای سەركەوتن بەسەر داعشدا بنەمایەكمان جێگیركرد كە ئەویش پاراستن و رێزگرتنە لە شكۆی دەوڵەت لەڕێگەی كۆنترۆڵكردنی چەك لەلایەن دامەزراوە ئەمنییەكانەوەو نەخشەڕێگایەكیشمان هەیە بۆ گرتنەبەری رێكاری یاسایی و سیاسی و ئەمنی بۆ كۆنترۆڵكردنی چەك و پشتیوانیكردنی دەزگا ئەمنییەكان.