ده‌قى نامه‌یه‌كى نهێنى كوڕانى نه‌وشیروان مسته‌فا بۆ به‌رپرسانى باڵاى بزوتنه‌وه‌كه‌ ئاشكرا ده‌كرێت
  2023-02-14       2547       

له‌نامه‌یه‌كى نهێنیدا بۆ به‌رپرسانى باڵاى بزوتنه‌وه‌ى گۆڕان، نماو چیا نه‌وشیروان مسته‌فا، قسه‌ له‌باره‌ى خاوه‌ندارێتى گرده‌كه‌ى گۆڕانه‌وه‌ ده‌كه‌ن، هاوكات باسى پرسى ڕێكخستنه‌وه‌ى گۆڕان‌و هه‌نگاوه‌كانى دواتریش ده‌كه‌ن.

ئاوێنه‌: له‌و نامه‌یه‌دا كه‌ كوڕانى نه‌وشیروان مسته‌فا نوسیویانه‌، ئاراسته‌ هه‌ریه‌ك له‌ئەندامانی جڤاتی نیشتیمانی، ئەندامانی جڤاتی گشتی‌و لیژنەی کۆنفرانس كراوه‌و باس له‌وه‌شده‌كه‌ن، "هەرچەندە هەر لە سەرەتای ئامادەسازیەکانەوە تائێستا، چەندجارێک ڕاوبۆچونی خۆمان لەگەڵ باسکردون‌و جەختمان لەسەرئەوەکردۆتەوە، گەر لەمکاتەدا کۆنفراسێک نەبێت بەچەتری کۆکردنەوەی گۆڕانخوازانی ڕازی‌و ناڕازیی، ئەوا ئەنجامنەدانی باشترە".

له‌و نامه‌یه‌دا نماو چیا كوڕانى نه‌وشیروان مسته‌فا ئاماژه‌یان به‌وه‌داوه‌، "بۆ ئه‌وه‌ى قسەکانمان وەک خۆیان بگەن‌و تەفسیری تریان بۆ نەکرێ، دیسان بەپێویستمان زانی لەسەر دۆخی بزوتنەوەکەمان ئەم نامەیەتان بۆبنێرین، لێرەدا ئەبێت ئاماژە بەو ڕاستیە بدەین کە جگەلەوەی ناوەڕۆکی ئەم نامەیە ڕاو سەرنجی شەخسی خۆمانە، بەهەمان شێوە گوزارشت لەڕای ئەو دۆست‌و هەڵسوڕاوە دڵسۆزانەش ئەکات کە لەڕابردودا ئێمە چەندین دیدارو گفتوگۆمان لەگەڵ کردون‌و بەوپەڕی خەمخۆریەوە پڕۆژەو پێشنیازی خۆیان بۆ چۆنێتی بەهێزکردنەوەی بزوتنەوەکەو پرۆسەی ئاشتەوەیی خستۆتەڕوو".

له‌و نامه‌یه‌دا نماو چیا ده‌ڵێن:"ئێمە ئەزانین ئەنجامدانی کۆنفرانسی نیشتیمانی پێویستیەکی یاسایی‌و ڕێکخراوەییە، بەڵام لەوە گرنگتر ئەوەیە جارێکی تریش لەخۆمان بپرسینەوە ئایا کۆنفراس بۆ؟ ئایا بڕیارنییە کۆنفرانس بۆ بەهێزکردنەوەی گۆڕان‌و چارەسەری کێشەکانی بێت؟ بەمانایەکی تر، کۆنفرانسێک ئەگەر نەبێتە چەتری کۆکردنەوەی سەرجەم هاوڕێیانی ئەمڕۆ‌و دوێنێ، ئەگەر کۆنفرانسێک ئاشتەواییەکی مانادارو ڕاستەقینە بەرقەرار نەکات، بێگومان ئەنجامدانی زیانی گەورەی دەبێت‌و بەجۆرێک لەپیشاندانی بێمنەتی‌و بێباکی دەکەوێتەوە بەرامبەر هەمو ئەو گۆڕانخوازانەی کە لەئێستادا لەدەرەوەی بزوتنەوەکەن‌و کێشەکان ئاڵۆزتردەکات".

زیاتر له‌وباره‌یه‌وه‌ نوسیویانه‌، "لەم قۆناغەدا گۆڕان‌و گۆڕانخوازان هەر ئەوانە نین کە بەشێوەی فەرمی لەچوارچێوەی بزوتنەوەکەدا ماونەتەوە، بەڵکو بەشە هەرە گەورەکەی گۆڕانخوازان ئەو دەنگدەرو هەڵسوڕاوانەن کە لەدەرەوەی بزوتنەوەکەن‌و ڕەخنەی دروست‌و جدیان هەیە لەسەر سیاسەت‌و هەڵوێستی ئێستای بزوتنەوەکەمان‌و لەمەشدا حەقدارن".

هه‌ر له‌نامه‌كه‌دا كوڕه‌كانى نه‌وشیروان مسته‌فا هۆشداریی ئه‌وه‌یانداوه‌، "کۆنفرانس بەبێ ڕۆڵ‌و ئامادەیی نوێنەرایەتی‌و دەنگ‌و ڕەنگی ڕاستەقینەی ئەو جەماوەرە دڵسۆزە گۆڕانخوازەی کە لەسەرەتای دروستبونی ئەم جوڵانەوەیە تائێستاش، دەبێتە کۆنفرانسی کوژانەوەی دوا تروسکایی هیوا بەبزوتنەوەکەمان‌و لەڕیشەوە ڕەسەنایەتی خۆی دایدەبڕێت، ئەمەش هەڵەیەکی گەورەیەو لەژێر هیچ پاساوێکدا نابێت ڕێگەی پێبدەین، چونکە بەرپرسیارێتی مێژویی‌و ئەخلاقی بەدواوەیە".

له‌نامه‌كه‌دا نماو چیا به‌پێویستیان زانیوه‌، پێش هەر بڕیارو هەنگاوێک بەئاڕاستەی کۆنفرانس، بزوتنەوەکەیان دەست بەسەرپێخستنی پرۆسەیەکی ئاشتەوایی سەرتاسەری بکات‌و بێ دودڵی لەنزیکەوە ناڕازیەکان بەسەر بکرێنەوە (بەتایبەت ئەوانەی کە دوای دورکەوتنەوەش لەگۆڕان سەرڕاستانە بەهەڵوێست‌و کردار وەک گۆڕانخواز مانەوە)، پێداگرانە داوایان لێبکرێت بگەڕێنەوە بۆ ناو بزوتنەوەکەی خۆیان‌و شانبدەنەوە بەر ئەو بڕیارو هەنگاوو کارانەی کە بۆ بەهێزکردنەوەی گۆڕان پێویستن‌و هاوکات بەڵێن‌و دڵنیاییان پێبدرێت، کە بەڵێ ئیرادەی تەواو هەیە بۆ دوبارە هەستانەوەو کارکردنی بەکۆمەڵ".

كوڕانى نه‌وشیروان مسته‌فا شه‌ش خاڵ پێشنیاز ده‌كات كه‌ بریتین له‌:

1ـ پێکهێنانی دەستەیەکی کاتی بەهێزو شایستە کە لەئاستی چاوەڕوانی‌و ئاڵەنگاریەکانی ئەم قۆناغەدابن، بۆ بەڕێوەبردنی گۆڕان (بۆ مەرحەلەی ئینتیقالی)، لەغیابی ڕێکخەرو خانەی ڕاپەڕاندندا.

2ـ ئەم دەستەیە پێکدێت لەوانەی ئێستا لەناو گۆڕاندان‌و بەشێک لەتیمی حكومه‌ت‌و ئەوانەش کە لەدەرەوەی گۆڕانن.

3ـ ئەم دەستەیە خاوەنی بڕیارو دەسەڵاتی تەواو دەبێت لەسەر هەر پرسێکی پەیوەندیدار بەژیانی سیاسی‌و ڕێکخراوەی بزوتنەوەکەمان لەوانە: پرسی گوتاری سیاسی، چارەنوسی گۆڕان لەحکومەتی هەرێم‌و حکومەتە خۆجێیەکان‌و پەرلەمان‌و بەستنی کۆنفرانسی نیشتمانی.

4ـ کێشەکانی گۆڕان دابەشبکرێن بۆ چەند دۆسییەک‌و هەر دۆسییەک لەلایەن کۆمیتەیەکەوە کاری تێدادەکرێ، بەسەرپەرشتی دەستەی بەڕێوەبردنی کاتیبۆ نمونە: (دۆسیەی هەڵبژاردنی ناوخۆیی‌و کۆنفرانس، دۆسیەی پێداچونەوە بەدەستورو پەیڕەوی ناوخۆ، دۆسیەی پێداچونەوە بەگوتاری سیاسی‌و مێدیایی، دۆسیەی دارایی، دۆسیەی دروستکردنەوەی پەیوەندی لەگەڵ هێزە ئۆپۆزسیۆنەکان…هتد)
5ـ لەماوەیەی ڕابردودا لەلایەن هەڵسوڕاوان‌و دۆستانی گۆڕانەوە دەیان پڕۆژەو پێشنیاز پێشکەشی بزوتنەوەکەمان کراوە، بەسودوەرگرتن لەو پێشنیازانەش دەکرێ نەخشە ڕێگایەکی ورد دابنرێ، لەپاڵ ئەمەدا دەبێ کاتبەندی تەواو بۆ هەنگاوەکان دابنرێت (بۆ نمونە 6 مانگ)و دڵنییای تەوا بەڕای گشتی گۆڕانخوازان بدرێت کە هەمو هەنگاوەکان لەکاتی خۆیدا جێبەجێدەکرێن.

6ـ لەپاڵ ئەو خاڵانەی سەرەوەدا دەمانەوێ ئێمەی کوڕانی نەوشیروان مستەفا وەک دوو هەڵسوڕاوی بزوتنەوەی گۆڕان ئەوەش بڵێین: بەهەموو شێوەیەک هاوکارو پشتیوان دەبین بۆ سەرخستنی ئەو هەنگاوانەی باسمانکرد، بەدیاریکراویش لەسەر پرسی گردەکە جارێکی تر دڵنیایی دەدەینەوە کە تاکە بژاردەو خواستی باوکمان ئەوەبوو کە گردی زەرگەتە ماڵ‌و قەڵای گۆڕانخوازان‌و گۆڕانێک دەبێت کە لەبەرەی گەلدا بمێنێتەوە، جێگەیەک بێت بۆ خزمەتی گشتی‌و بەرگریکردن لەچاکەی گشتی، لەپاڵ ئەوەشدا خەونەکانی باوکمان ئەهێنینەدی بەدامەزراندنی ناوەندێکی ڕۆشنبیریی بۆ پێگەیاندن‌و خزمەتکردن بەنەوەکانی داهاتوو. لەکۆتایشدا ئەڵێن، ئێمە قسەی دڵی زۆرینەی خەمخۆرانی گۆڕان‌و خۆمان کرد، ئێوەش ئازادن لەوەی کە چ هەنگاوێک هەڵئەگرن.

زۆرترین بینراو
سیستمی بەرگری مووشەکی لە هەرێمی کوردستان جێگیردەکرێت
زانا مه‌لا خالد: هه‌ڵبژاردن كۆنفرانسی ناوخۆیی مه‌ڵبه‌ندو كۆمیته‌كان نیه‌ تا به‌ تاكلایه‌نه‌ به‌ڕێوه‌ی ببه‌ن
لێدوانی‌ سەرۆكی دادگای فیدڕاڵی‌ لەبارەی موچەی موچەخۆران‌و یاسای هەڵبژاردنی هەرێمی كوردستان
هه‌نگاوه‌كانی‌ پرۆسه‌ی‌ به‌بانكیكردنی‌ موچه‌ی‌ موچه‌خۆران لەبانکه‌كانی ڕەشیدو ڕافیدەین بڵاوكرایه‌وه‌
راگەیەندراوی‌ ئەنجومەنی سەرکردایەتی یەکێتی لەبارەی هەڵبژاردنه‌وه‌
بەغدا دەستی بەکردنەوەی هەژماری بانکی بۆ مووچەخۆرانی هەرێم کرد
وەزارەتی دارایی ھەرێم: جێبه‌جێكردنی‌ پرۆژه‌ی‌ ھەژماری من پێویستی‌ به‌بڕیاری‌ دادگای‌ فیدراڵییه‌
ئۆتۆمبێلی ئەندامێكی پێشوی سەركردایەتی یەكێتی لە سەرچنار تەقییەوە
كه‌شناسێكی كورد واده‌ی هاتنی شه‌پۆلێكی بارانباران و هه‌وره‌ بروسكه‌ی راگه‌یاند
ئامادەکردنی لیستی موچەی مانگی پێنج بەپلەبەرزکردنەوەوە بەردەوامە
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×