بڕیارێك بۆ ئەو ماڵانەی تا ئێستا پێوەری ئاویان نەبەستووە
  2023-02-14       400       

ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی كوردستان لەسەر داوای وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزار ڕەزامەندی دا بە نوێكردنەوەی  بڕیاری لێخۆشبوونی بەشێكی كرێی ئاو بۆ ئەو هاوبەشانەی تاوەكوو ئێستا پێوەری ئاویان نەبەستاوە.

ئاوێنە: ئەمڕۆ سێشەممە، ئاری ئەحمەد، بەڕێوەبەری گشتیی ئاو و ئاوەرۆ لە وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزار رایگەیاند: دوای ئەوەی وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزار لە ماوەی هەشت مانگدا هەڵسەنگاندنی بۆ بابەتی لێخۆشبوونی كرێی بەستنی پێوەری ئاو كرد، ئەو بڕیارە سوودێكی زۆر باشی بۆ هاووڵاتییان هەبوو، بەهۆیەوە ڕێژەی بەستنی پێوەری ئاو لە سەرتاسەری هەرێمی كوردستان بەرزبووەوە و گەیشتە نزیكەی 80% و ئەمەش كاریگەرییەكی زۆر باشی هەبوو.

سەبارەت بە نوێكردنەوەی بڕیاری لێخۆشبوونی بەشێكی كرێی ئاو، وتیشی: لەمڕۆوە ئەو بڕیارەی لێخۆشبوونی بەستنی پێوەری ئاو تاكوو 21/4/2023 لەبەر بەرژەوەندی هاووڵاتییان نوێكراوەتەوە، هاووڵاتییان لە ئێستاوە دەتوانن سەردانی بنكە و بەڕێوەبەرایەتییەكانی ئاو و كۆكردنەوەی كرێی ئاو بكەن بۆ ئەوەی مامەڵەی بەستنی پێوەریان بۆ جێبەجێ بكرێت.

ئاری ئەحمەد راشیگەیاند، لە سەنتەری شارە گەورەكانی: هەولێر، سلێمانی، دهۆك، هەڵەبجە، هەر هاووڵاتییەك مامەڵەی بەستانی پێوەری ئاو بكات، لێخۆشبوونی بۆ دەكرێت كە پێشتر هەشتا هەزار دینار بووە، بەڵام ئێستا بۆی دەكرێتە تەنیا 20 هەزار دینار. سەبارەت بە دەرەوەی سەنتەری شارە گەورەكان.

وتیشی: لە هەر قەزا و ناحیە و كۆمەڵگەیەك كە پێوەری تێدا دەبەسترێت، لە 80 هەزار دینارەوە بۆیان دەكرێتە تەنیا 10 هەزار دینار، بۆیە داوا لە هاووڵاتییان دەكەین هەتا زووە سوود لەم ماوە دیاریكراوە وەربگرن و سەردانی بنكە و بەڕێوەبەرایەتییەكان بكەن بۆ جێبەجێكردنی مامەڵەكانیان، چونكە ئەو بڕیارە نوێ ناكرێتەوە.

زۆرترین بینراو
© 2025 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×