وتەبێژی بازاڕی دۆلارەكەی سلێمانی هۆكاری دانەبەزینی بەهای دۆلار ئاشكرا دەكات
  2023-02-14       1232       

جەبار گۆڕان وتەبێژی بازاڕی ئاڵوگۆڕی دراو لە سلێمانی دەڵێت، بەهۆی زۆری كڕینی دۆلارەوە لەلایەن بازرگان و وەبەرهێنەرەكان لە چەند مانگی رابردوداش ئەوە پەنگی خواردووەتەوە و ئەوەش هۆكاری دانەبەزینی بەهای دۆلارە.

جەبار گۆڕان لە كۆنگرەیەكی رۆژنانەوانیدا وتویەتی، سێ هۆكار وادەكەن بەهای دۆلار بەرامبەر بە دینار لە بازاڕەكاندا وەكو نرخی بانكی ناوەندی لێنایەت، یەكێكیان ئەوەیە قەبارەی وەبەرهێنانی دەرەكی لەم دوو مانگەدا زۆر بووە و قەرزێكی زۆر لەسەر بازرگانان كەڵەكە بووە، بەهۆی ئەوەشی بەشێك لە بازرگانەكان مەرجەكانیان تێدا نییە كە بانكی ناوەندی داوای دەكات، بەشێك لە بازرگانان دەگەڕێنەوە بازاڕی ئازاد بۆ كڕینی دۆلار.

رونیشیكردووەتەوە، كڕینی دۆلار لە بازڕەكان لەلایەن بازرگانانەوە قەبارەیەكی گەورەیە بەتایبەتی كە عیراق وڵاتێكی بەكاربەرە، بۆیە بە جۆرێك لە جۆرەكان وایكردوە ئەو قەبارە گەورەیە پەنگ بخواتەوە، ئەگەر رۆژانە بانكی ناوەندی لەسەروی 100 ملیۆن دۆلاریشەوە دۆلار بخاتەڕو ئەوا ناتوانێت پشتیوانی دیناری عیراقی بكات تاوەكو ئەوكاتەی ئەو پلاتفۆڕمە دەچێتە سەر پێی خۆی و كارئاسانی بۆ هەموو بازرگانەكان دەكرێت.

بەوتەی وتەبێژی بازاڕی ئاڵوگۆڕی دراو لە شاری سلێمانی، لەماوەی 6 مانگی رابردودا بانكی ناوەندی رێژەی خستنەڕووی دۆلاری بە كاش زۆر كەمكردووەتەوە، قەبارەی قەرزی دەرەكی لەلایەن بازرگانەكانەوە زۆر كەڵەكە بووە و زۆربەی بازرگانەكان بۆ بەدەستهێنانی دۆلار روودەكەنە بازاڕی ئازاد، بەهۆی ئەوەشەوە نەیتوانیوە تەمویلی بازاڕەكان بكات.

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×