بە فەرمانی قوباد تاڵەبانی "بەشێك لە كێشەكانی قەزای دەربەندیخان چارەسەردەكرێن"
  2023-02-14       670       

بەپێی راگەیەندراوێكی نوسینگەكەی، بە فەرمانی قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆك وەزیران بەشێک لە کێشەکانی قەزای دەربەندیخان چارەسەر دەکرێن و کارەکانی پرۆژەی ئاوی دەربەندیخانیش دەستپێدەکەنەوە، ئەوەش هاوكاتە لەگەڵ بەردەوامی خۆپیشاندانی بەشێك لە هاوڵاتیانی قەزاكە كە ماوەی زیاتر لە دو هەفتەیە دەستی پێكردوە.

ئاوێنە: بەگوێرەی راگەیەندراوەكە، ئەمڕۆ سێشەممە، بەڕێوەبەری نوسینگەی سلێمانی قوباد تاڵەبانی لەگەڵ قایمقام و سەرۆکی یەکە کارگێڕییەکانی قەزای دەربەندیخان کۆبۆتەوە لەبارەی داواکاری مانگرتوان و خۆپیشاندەرانی قەزاکە، کە داواکارییەکانیان بریتین لە بەگەڕخستنەوەی پرۆژەی ئاوی دەربەندیخان و زیادکردنی کارەبا و دروستکردنی ھۆڵی نەشتەرگەری و چارەسەرکردنی گرفتەکانی بەردەم کاری رۆژانەی فەرمانگەکان.

وەك لە راگەیەندراوەكەدا هاتوە"لەسەر فەرمانی جێگری سەرۆک وەزیران بەڵێندراوە زەوییەکی گران بەھا لە سلێمانی بدرێت بە وەبەرھێنەرێک و لەبەرامبەردا پرۆژەی ئاوی دەربەندیخان تەواو بکات و لە چەند رۆژی داھاتوشدا کارەکانی دەستپێدەکاتەوە، بڕیاریشدراوە دو سەعات کارەبای سنورەکە زیاد بکرێت لەگەڵ نۆژەنکردنەوەی ھۆڵی نەشتەرگەری و شوێنی مانەوەی پزیشک لە نەخۆشخانەی دەربەندیخان و ئەگەر پارەی پێویستیش بەردەست نەبو، ھەمان وەبەرھێنەر کە زەوییەکەی پێدراوە کارەکانی تەواوکردنی ھۆڵی نەشتەرگەری دەگرێتە ئەستۆو ھەنگاو بە ھەنگاویش کاربکرێت بۆ چارەسەرکردنی کێشەکانی بەردەم کاری فەرمانگەکان."

هەر بەپێی راگەیەندراوەكە، لە کۆبونەوەیەکی تری بەڕێوەبەری نوسینگەی سلێمانی قوباد تاڵەبانیدا لەگەڵ مامۆستایانی ئایینی و کەسایەتی کۆمەڵایەتی و تیکۆشەرانی دێرین و نوێنەری لایەنە سیاسییەکانی قەزای دەربەندیخان، جەختکرایەوە لەسەر "جێبەجێکردنی داواکارییەکان و بڕیاریشدرا قایمقام و مامۆستایانی ئایینی سەردانی خۆپیشاندەران بکەن و ناوەڕۆکی کۆبونەوەکان و جێبەجێکردنی داواکارییەکانیان باس بکەن، بۆئەوەی کۆتایی بە مانگرتن و خۆپیشاندان بھێنرێت."

زۆرترین بینراو
© 2025 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×