ئەردۆغان: ژمارەی گیانلەدەستدان لە بومەلەرزەكەی توركیادا گەیشتۆتە زیاتر لە 35 هەزار كەس
  2023-02-14       613       

رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆك كۆماری توركیا رایگەیاند، ژمارەی گیانلەدەستدان لە بومەلەرزەكەی توركیادا گەیشتۆتە 35 هەزارو 418 كەس و 105 هەزارو 505 كەسیش برینداربون.

ئاوێنە: رەجەب تەیب ئەردۆغان، ئێوارەی ئەمڕۆ سێشەممە، راشیگەیاند، بومەلەرزەکە روبەری 500 کیلۆمەتر چوارگۆشەی لە 10 پارێزگا گرتوەتەوە کە نزیکەی 13 ملیۆن و نیو ژمارەی دانیشتوانی ئەو ناوچانەن.

ئەوەشی خستەڕو، بومەلەرزەکە کارەساتێکی سروشتیی بو، هاوتای هێزی سەدان بۆمبی ئەتۆمی دەبو، 84 دەوڵەت هاوکاریان پیشکەش کردوە.

وتیشی، تەواوی شارەزایانی جیهان، گەورەیی و قەبارەی وێرانکاریی بومەلەرزەکە بە روداوێکی سروشتیی جیاواز هەڵدەسەنگێنن.

ئاماژەی بەوەشدا، ١٣ هەزار و ٢٠٨ بریندارمان ئێستا لە نەخۆشخانەکاندا لە ژێر چارەسەردان و نزیكه‌ى ٢٥٠ هه‌زار كارمه‌ندى حكومى له‌و ناوچانه‌ى كه‌ بومه‌له‌رزه‌ تێیاندا رویداوه‌، له‌سه‌ر ئه‌ركن.

سەرۆك کۆماری تورکیا وتیشی "پشکنین بۆ یەک ملیۆن و ٨٥٠ هەزار خانو و شوێنکار لە نزیکەی ٣٦٩ هەزار باڵەخانە لەلایەن تیمەکانی وەزارەتی ژینگە، شارسازی و گۆڕانکاری ئاوهەواوە ئەنجامدراوە."

ئەردۆغان بەڵێنیشی دا كە لە سەری مانگی ئادارەوە راستەوخۆ دەست بە دروستکردنی 30 هەزار یەکەی نیشتەجێبون بكەن.

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×