ئەفسەرێك و دو سەربازی عێراقی لە روبەڕوبونەوەی داعشدا كوژران
  2023-02-16       403       

شانەی راگەیاندنی ئەمنیی عێراق، ئەمڕۆ پێنجشەممە، ئاشكرایكرد، ئەفسەرێك و دو سەربازی عێراقی لە روبەڕوبونەوەی داعشدا لە قەزای تارمیە لە باكوری بەغدا كوژراون و ئەفسەرێكی دیكەش برینداربوەو سێ چەكداری داعشیش كوژراون.

ئاوێنە: شانەی راگەیاندنی ئەمنیی عێراق، لە راگەیەندراوێكدا وتویەتی، هێزێكی لیوای مغاویری سەربە فەرماندەیی ئۆپەراسیۆنەكانی بەغدا لەسەر بنەمای زانیاریی ورد، هێرشیان كردۆتە سەر مۆڵگەیەكی چەكدارانی داعش لە قەزای تارمیە لە باكوری بەغداو سێ چەكداری داعشیان كوشتون.

ئەوەشی خستۆتەڕو، یەكێك لە چەكدارەكانی داعش كە پشتێنی بۆمبڕێژكراوی بەستبو، خۆی بە هێزەكەدا تەقاندەوەو لە ئاكامدا ئەفسەرێك و دو سەربازی عێراقی كوژران و هەروەها ئەفسەرێكیش برینداربو.

شانەی راگەیاندنی ئەمنیی عێراق ئاماژەی بەوەشداوە، هێرشی هێزە عێراقییەكە بۆ سەر ئەو مۆڵگەیەی داعش لەچوارچێوەی ئەو ئۆپەراسیۆنانەدا بوە كە بۆ دەستەبەركردنی پاراستنی زیارەتكارانی شیعە دەستپێكراون بەبۆنەی ساڵیادی ئیمام كازم.

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×