بانكی ناوەندیی عێراق، ئەمڕۆ یەكشەممە، بۆ فرۆشتنی دۆلار، بەكارهێنانی پلاتفۆرمی ئەلیكترۆنی بەسەر سەرجەم بانك و كۆمپانیاكانی ئاڵوگۆڕی دراودا سەپاند. وتەبێژی بازاڕی دۆلارەكەی سلێمانی دەڵێت، لەبەر "لێكدانەوەی هەڵە" بڕیارەكە بۆتە هۆی بەرزبونەوەی نرخی دۆلار لە ئەمڕۆدا، بەڵام "لەڕاستیدا ئەمە لە بەرژەوەندی بەهای دینارە."
ئاوێنە: بانكی ناوەندیی عێراق، ئەمڕۆ یەكشەممە، لە نوسراوێكدا كە ئیمزاكی د. عەممار حەمەد خەڵەف، جێگری پارێزگاری بانکی ناوەندی لەسەرەو ئاڕاستەی سەرجەم بانكەكان و کۆمپانیاکانی ئاڵوگۆڕی دراو و کۆمپانیا نێودەندگیرەكانی كڕین و فرۆشتنی دراوی بیانی كە خاوەنی مۆڵەتن، كردوە، رایگەیاندوە، "لە رۆژی دوشەممە رێككەوتی 20/2/2023ەوە دەبێت پشت بە پلاتفۆڕمی ئەلیكترۆنی ببەسترێت بۆ فرۆشتنی كاشی دراوە بیانیەكان(FITR)."
جەختیشی كردۆتەوە كە هەر بانك و كۆمپانیایەكی ئاڵوگۆڕی دراو، پلاتفۆڕمی ئەلیكترۆنی بەكارنەهێنێت، بێبەش دەكرێت لە وەرگرتنی پشكی هەفتانەی خۆی لە دۆلاری كاش.
لەوبارەیەوە جەبار گۆران، هەڵگری بڕوانامەی ماستەر لە کارگێری دارایی و وتەبێژی بازاڕی دۆلارەكەی سلێمانی لە لاپەڕەی خۆی لە فەیسبوك وتویەتی"هۆکاری ئەو تۆزە بەرزبونەوەیەی دۆلار ئەم کتابەی بانکی ناوەندی بو، کە لە رۆژی دوشەممەوە لە رێگای پلاتفۆرمی ئەلیكترۆنییەوە دۆلار بە بانکەکان و کۆمپانیاکانی دراو ئەفرۆشێت، زۆرێک لێکدانەوەی ھەڵەیان بۆ بابەتەکە کرد تۆزێک دۆلار بەرزبوەوە."
ئەوەشی خستۆتەڕو"خۆی لە راستیدا ئەمە لە بەرژەوندی بەھای دینارە، چونکە لە رێگای ئەم پلاتفۆرمە ئەلیکترۆنییەوە بانکی ناوەندی چاودێری بانکەکان و کۆمپانیاکانی دراو ئەکات و ناتوانن دۆلار بە نرخی زیاد بفرشن."
