وەزارەتی دارایی: زیاتر لە ترلیۆنێك دینار قەرز لای وەربەرهێن و بازرگانانە
  2023-02-21       554       

وەزارەتی دارایی و ئابوریی حكومەتی هەرێم رایگەیاند، رێکارەکان بۆ وەرگرتنەوەی قەرزی ئاسانکاری لە وەبەرهێن و بازرگانان بەردەوامن و لە ساڵی 2022دا نزیكەی 52 ملیار دینار قەرزی ئاسانكاری گەڕاوەتەوە بۆ خەزێنەی گشتی. دەشڵێت، كۆی گشتی ئەو قەرزەی لای بازرگانان و وەبەرهێنەران ماوە زیاتر لە یەك ترلیۆن دیناری عێراقییە.

ئاوێنە: وەزارەتەكە، ئەمشەو سێشەممە، لە راگەیەندراوێكدا وتی"لە ساڵی 2022دا، نزیکەی 52 ملیار دینار قەرزی ئاسانکاری گەڕاوەتەوە بۆ خەزێنەی گشتی و رێکارەکانیش بۆ وەرگرتنەوەی قەرزی ئاسانکاری لە وەبەرهێن و بازرگانان بەردەوامن."

ئەوەشی خستۆتەڕو"لەچوارچێوەی بەرنامەی چاکسازی حکومەتی هەرێم و هەوڵەکانی وەزارەتی دارایی و ئابوری بۆ زیادکردنی داهات، ڕێکارە یاساییەکان بۆ تەملیککرنی ئەو موڵکانە بەردەوامە کە لەلایەن بازرگانان و وەبەرهێنەران لەکاتی وەرگرتنی قەرزی ئاسانکاری لە ڕێی بانکەکانەوە وەک بارمتە دانراوە."

ئاماژەی بەوەشداوە "بەپێی ئاماری بەڕێوبەرایەتی گشتی بانکە بازرگانییەکانی هەرێم بڕی ئەو قەرزەی لای بازرگان و وەبەرهێنەرانە 375،444،189،465 دیناربوە، بەهۆی دواکەوتنی قەرزەکەوە 658،063،820،332 دینار سودی چۆتە سەر."

وەزارەتی دارایی ئەوەشی وتوە"لەدوای گرتنەبەری ڕێوشوێنەکانی وەزارەتی دارایی و ئابورییەوە بڕی 17،743،967،724 دینار بە شێوەی نەقد گەڕاوەتەوە بۆ خەزێنەی گشتی حکومەتی هەرێم و کۆی گشتی ئەو قەرزەی لای بازرگان و وەبەرهێنەران ماوە بڕەکەی بریتییە لە 1،015،764،042،073 دیناری عێراقی."

وتوشیەتی"هاوکات وەزارەتی دارایی لە ڕێی بانکەکانەوە دەستیکردوە بەتەملیککردن و فرۆشتنی ئەو موڵکانەی بەبارمتە دانراون و لەو چوارچێوەیەشدا بەبەهای 34،153،080،000 دینار موڵکی بەبارمتە دانراو فرۆشراوەو 7 موڵکی نوێش لە سەر بانکەکانی وەزارەتی دارایی تۆمار کراون."

زۆرترین بینراو
© 2025 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×