یاسین خزر، پەرلەمانتاری گۆڕان لەبارەی هەوڵی هێلکەبارانکردنی لە لەندەن دەڵێت، "خەڵکی خۆم هێلکەشم تێبگرێت من دەستیان ماچ دەکەم."
ئاوێنە: یاسین خزر لەبارەی هەوڵی هێلكەبارانكردنی لە لەندەن رایگەیاند، "خەڵکی خۆمان بەردمان تێبگرن یان هێلکەمان تێبگرن دەستیان ماچ دەکەین، زۆر ئاساییە و ئەو کەسەی هێلکەی تێگرتم ناوی ئیسماعیل سیانە و برادەرمە و ویستم تەوقەی لەگەڵ بکەم و بزانم چی پێویستە و چی پێویست نیە، چونکە من بڕوام بە شەڕی ناوخۆ نیە نەک بەشەڕی هێلکە".
ناوبراو بە سایتی خەندانی وتووە: "من دەستیان ماچ دەکەم، کەیفم بەخۆم دێت خەڵکی خۆم لێمدەدات، سەد ساڵە عەرەب و تورک و فارس لێمدەدەن، ئەمڕۆ ئەگەر خەڵکی خۆم هێلکەم تێبگرێت قەیچێکە و هێلکەشیان بۆ دەکڕم".
ماوەی چەند رۆژێكە شاندێكی پەرلەمانی كوردستان كە لە پەرلەمانتارانی یەكێتی و پارتی و گۆڕان پێكهاتوون، بەمەبەستی كۆبوونەوە لەگەڵ ژمارەیەك لیژنەی پەرلەمانی ئەو وڵاتە سەردانی بەریتانیا-یان كردووە. بەڵام لە گرتەیەکی ڤیدیۆییدا دەردەکەوێت هاوڵاتییەکی کورد هەوڵی هێلکەبارانکردنی یاسین خزر پەرلەمانتاری کوردستان دەدات.