دەستەی دەستپاكیی عێراق دەستگیركردنی بەرپرسێكی دیكەی هەڵاتوی لە ئیمارات راگەیاند
  2023-02-23       517       

دەستەی دەستپاکیی عێراق، ئەمڕۆ پێنجشەممە، دەستگیرکردنی بەڕێوەبەرێکی گشتیی پێشوتری وەزارەتی تەندروستی عێراقی لە ئیمارات راگەیاند.

 ئاوێنە: فەرمانگەی گەڕاندنەوە لە دەستەكە، لە راگەیەندراوێکدا وتی "پۆلیسی ئیمارات، تاوانباری هەڵاوتو بەڕێوەبەری پێشوتری تەندروستی پارێزگای بابلی دەستگیرکرد، کە بە 7 دۆسیە تاوانبارە".

 فەرمانگەی گەڕاندنەوە لە دەستەی دەستپاکیی عێراق هێمای بۆ ئەوەش كردو "پێشتر، بەبێ ئامادەبون لەلایەن دادگای تایبەتەوە سزای زیندانی بۆ ئەو تاوانبارە هەڵاتوە، دەرچوە لەو کاتەی بەڕێوەبەری گشتی تەندروستی بابل و بەڕێوەبەری نەخۆشخانەی هەردو ئیمام کازم بوە".

 فەرمانگەكە ئەوەشی خستۆتەڕو"ئەو تاوانبارە ژمارەیەک سکاڵا و داواکاری لەسەرە، لەوانە پسولەی خەرجکردنی شایستەی کۆمپانیایەکی ئوردنی بە زیاتر لە شەش ملیۆن دۆلار، سەرەڕای سستیی ئەو کۆمپانیایە لە جێبەجێکردنی بڕگەکانی گرێبەستەکە. رەزامەندی داوە لەسەر کڕینی ئامێری (CRRT)، بەبێ ئەوەی پێویست بەو ئامێرە هەبێت. ئۆکسجینی شلی بە نرخێکی گران لە کارگەیەکی تایبەت کڕیوە، لەکاتێکدا ئۆفەری کۆمپانیای حکومی هەبوە بە نرخێکی گونجاو."

دەستەی دەستپاکیی عێراق ئاماژەی بەوەشداوە كە تاوانبارەکە بە هاوکاری لەگەڵ دەسەڵاتە پەیوەندیدارەکانی ئیمارات لە وەزارەتی ناوخۆ - بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی عەرەبی و نێودەوڵەتی دەستگیرکراوە.

دەستگیرکردنی ئەو تاوانبارە عێراقییە لە ئیمارات لەکاتێکدایە پێش نزیکەی 10 رۆژ دەستەی دەستپاکیی عێراق دەستگیرکردنی حەمدیە جاف، بەڕێوەبەری گشتیی بانکی بازرگانی عێراق ناسراو (TBI) راگەیاند.

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×