زانا ھۆڵەندیەکە کاتی ڕوودانی بومەلەرزەیەکی مەترسیدار ئاشکرا دەکات
  2023-03-01       1640       

فرانك هۆگربێتس، ئەو زانا هۆڵەندییەی بە پێشبیینییەكانی سەبارەت بە بوومەلەرزە هۆشداریی دەدات، بەپێی لێكدانەوەكانی خۆی، كە پیی وایە لە رێی جوولەی هەسارەكانەوە ئەو بوومەلەرزەیە چالاك دەبێ، رایدەگەیەنێ ”نابێ ئەو لێكدانەوانە نادیدە بگیرێن“.

ئاوێنە: ئەو زانا هۆڵەندییە، كە بۆ پێشبینییەكانی، وەك خۆی دەڵێ، پشت بە راستییە زانستییەكان دەبەستێ لەسەر جووڵەی ئەستێرەكان و كاریگەرییان لەسەر گۆی زەوی.

دوای زنجیرەیەك بوومەلەرزەی گەورە و بچووك لە چەند رۆژی رابردوودا، بۆ جارێكی دیكە ئەو زانا هۆڵەندییە لە رۆژی دووشەممەوە بە ڤیدیۆیەكەوە دەركەوتەوە و ئەمجارە پێشبینییەكیی قورسی راگەیاند و ئاماژەی بۆ ئەوە كرد ”سەرەتای مانگی ئازار زۆر مەترسیدار و هەراسانكەرە“.

هۆگربێتس لە پەیامە ڤیدیۆییەكەیدا، كە ئێوارەی رۆژی دووشەممەی رابردوو بڵاوی كردەوە، رایگەیاند: ”نزیكبوونەوەی ئەندازیاریی هەسارەكان لە دەوروبەری 2 بۆ 5ی ئازار، دەبێتە هۆی روودانی بوومەلەرزەیەكی زۆر گەورە، كە رەنگە ئەو بوومەلەرزە گەورە بەدیاركراوی لە 3 و 4ی ئازار، یان 6 و 7ی ئازار روو بدات“.

ئەو ڤیدیۆیە، كە بووەتە جێی مشتومڕێكی زۆری زانایان، هۆگربێتس چالاكیی بوومەلەرزەی بەستووەتەوە بە پڕبوونی مانگ. جەختیشی كردووەتەوە، كە ”هەفتەی یەكەمی مانگی ئازار زۆر مەترسیدار و ترسناكە“. چەند جارێكیشی لە ڤیدیۆیەكەدا دووپات كردووەتەوە، كە پێشبینیی هەندێ چالاكیی بوومەلەرزە دەكات، كە گوڕەكەی لەنێوان 7.5 بۆ 8 پلەی رێختەردا بێت.

بەتایبەتیشش هۆشداریی لە رۆژی (3 و 4)ی ئازاردا داوە و ئاماژەی بۆ ئەوەش كردووە، كە مەترسییەكە تا (6 بۆ 7)ی مانگ بەردەوام دەبێ لەگەڵ تەواو پڕبوونی مانگدا.

ئەو زانا هۆڵەندییە دەشڵێ كە ”نامەوێ ترس و دڵەڕاوكێ دروست بكەم“، بەڵام هۆشدارییش دەدا لە جووڵەی هەسارەكان، كە بەهۆیانەوە بوومەلەرزەی گەورە لەسەر گۆی زەوی روو دەدەن و دەشڵێ: ”نابێ ئەم لێكدانەوانە نادیدە بگرین و فەرامۆشیان بكەین“.

هۆگربێتس بۆ پێشبینییەكەی دوو سیناریۆی باس كردووە، یەكەمیان ئەوەیە كە بوومەلەرزەیەكی بەهێز لە (3 و 4)ی ئازار روو بدا و بەدوایدا چەند بوومەلەرزەی بچووك روو بدەن. دووەمیان ئەوەیە، كە بوومەلەرزە بەهێزەكە لە (6 بۆ 7)ی ئازار روو بدا و پێش ئەوە چەند بوومەلەرزەیەكی بچووك روو بدەن. هەردوو سناریۆیەكەیشی بەستوونەتەوە بە جووڵەی هەسارەكان و پڕ بوونی مانگ. دووبارە جەختیش دەكاتەوە ”بەدیاریكراوی ناتوانرێ بزانرێ كە چی روو دەدات“.

لە چەند رۆژی رابردوودا ئەو زانا هۆڵەندییە لە رێی ڤیدیۆكانیەوە مشتومڕێكی زۆری بەرپا كرد، كاتێ كە چالاكبوونی بوومەلەرزەی لەنێوان 25 بۆ 26 شوباتی رابردوو دەستنیشان كرد، كە زۆر گەورە نەبوون، بەڵام هۆشداریشی دا لەوەی، سەرەتای مانگی ئازار زۆر مەترسیدار دەبێ.

رۆژی 6ی شوباتی رابردوو، بوومەلەزەیەكی بەهێز بە گوڕی 7.6پلەی رێختەر لە وڵاتی تووركیا و سووریا و باكوور و رۆژئاوای كوردستانی دا و زیاتر لە 50 هەزار كەسی كوشت و دەیان هەزار كەسیشی ئاوارە و بێماڵ و حاڵ كرد و بە هەزاران باڵەخانەیشی رووخان و چەندین ناوچەی نیشتەجێبوونی خاپوور كرد.

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×