2023-03-07   397     
لە هێرشێکدا لە سنووری قەزای شارەبان کە چەک و بۆمبی چێندراوی تیادا بەکارهاتووە، هەشت کەسی سەر بە عەشیرەتێک کوژران و دوانی دیکەش بریندار بوون.
ئاوێنە: نیهاد عەبادی، وتەبێژی پۆلیسی دیالە رایگەیاند: هێرشەکە شەوی دووشەممە 6ی ئاداری 2023 لە نزیک میوانخانەی مستاف تەمیمی روویداوە لە قەزای شارەبان کە یەکێکە لە شێخی عەشیرەتی بەنی تەمیم و بەهۆیەوە هەشت کەس کوژران و دوو کەسی دیکەش بریندار بوون کە سەر بەهەمان عەشیرەتن.
عەمید نیهاد عەبادی بۆ سایتی رووداو وتیشی: "هێرشەکە لە رێگەی تەقاندنەوەی بۆمبێکی چێندراو و تەقەکردنەوە بووە".
بەگوێرەی زانیارییەکان هێزە ئەمنییەکانی سنووری پارێزگای دیالە لیژنەیەکی لێکۆڵینەوەیان لەسەر رووداوەکە پێکهێناوە کە بڕیارە لەماوەی 48 کاتژمێردا ئەنجامەکانی رادەستی لایەنی پەیوەندار بکەن.
ئەو رووداوە کاردانەوەی لێکەوتەوە و رەعدە دەهلەکی، پەرلەمانتاری سوننە لە پشکی پارێزگای دیالە لە راگەیهندراوێکدا داوای کرد پەرلەمان بۆ تاووتوێکردنی بارودۆخی ئەمنی پارێزگاکە کۆببێتەوە و دەڵێت: "مەترسی گەڕانەوەی چالاکی گرووپە تاوانکارییەکان هەیە لەژێر ناونیشانی جیاجیای میلیشیا یان داعش".
قەزای شارەبان ناوچەیەکی ناکۆکی لەسەری نێوان هەرێمی کوردستان و حکومەتی فیدراڵیە کە دەکەوێتە باشووری قەزای خانەقین.
لەماوەی کەمتر لەمانگێکدا ئەوە دووەم رووداوی لەو شێوەیە کە لە دیالە رووبدات، لەدوای ئەوەی لە 20 ی شوبات لە سنووری قەزای خاڵس شەڕ لەنێوان دانیشتووانی دوو گوندی هاوسنوور روویدا و بەهۆیەوە هەشت کەس کوژران و سیانی دیکە بریندار بوون.