وەزیری دارایی هەرێم، ئەمڕۆ سێشەممە، لە كۆبونەوەی لەگەڵ وەفدێكی بانكی نێودەوڵەتی رایگەیاند، هەماهەنگی لەگەڵ بانكەكە دەكەن بۆ بەرەپێشبردنی سیستمی دارایی و بانكی. دەشڵێت، هەنگاوەكانی دروستكردنی بانكی نیشتمان لە قۆناغی كۆتاییدایەو بەكردنەوەی ئەو بانكە، سیستمی بانكی لە هەرێم قۆناغێكی باش دەچێتە پێشەوە.
ئاوێنە: بەپێی راگەیەندراوێكی وەزارەتی دارایی و ئابوری حكومەتی هەرێم، ئەمڕۆ سێشەممە، ئاوات شێخ جەناب، وەزیری دارایی و ئابوری لە دیوانی وەزارەت پێشوازی کرد لە وەفدێکی بانکی نێودەوڵەتی لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و باکوری ئەفریقا، بەسەرۆکایەتی جۆن کریستۆڤەر کارێ، بەڕێوەبەری هەرێمی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و باکوری ئەفریقیای بانکی نێودەوڵەتی و وەفدێکی هاوڕێی.
بەگوێرەی راگەیەندراوەكە، لەدیدارێکدا وەزیری دارایی و ئابوری "خۆشحاڵی خۆی بەسەردانی وەفدی میوان دەربڕی و کورتەیەکی لەسەر کارو چالاکییەکانی وەزارەت لە بواری بە دیجیتاڵیکردنی سیستمی بانکەکان و دابەشکردنی موچەی خانەنشینان و فەرمانبەران بەشێوەی ئەلیکترۆنی و ڕێکخستنەوەی سیستمی خەرجی بەشێوازی ئۆنلاین و زیادکردنی شەفافیەت و کەمکردنەوەی ڕۆتین پێشکەش کرد."
وەك لە راگەیەندراوەكەدا هاتوە "لای خۆشیانەوە وەفدی میوان ستایشی هەنگاوەکانی وەزارەتی داراییان کرد لە بواری شەفافیەت و بەدیجیتاڵکردنی خزمەتگوزارییەکان و داوایان کرد پەیوەندی ڕاستەوخۆیان هەبێت لەگەڵ وەزارەتی دارایی بەمەبەستی هەماهەنگی و هاوکاری لەبواری پێشکەشکردنی خزمەتگوزاری بانکی و دارایی و بەرزکردنەوەی توانای ستاف و کارمەندەکانی وەزارەت لە بوارە جیاجیاکاندا."
بەپێی راگەیەندراوەكە، وەزیری دارایی رایگەیاند "هەنگاوەکانی دروستکردنی بانکی نیشتمان وەک لقێکی بانکی ناوەندی لە هەرێمی کورستان لە قۆناغی کۆتاییدایەو بەکردنەوەی ئەو بانکە سیستمی بانکی لە هەرێمی کوردستان قۆناغێکی باش دەچێتە پێشەوە."
هەر بەگوێرەی راگەیەندراوەكە، وەزیری دارایی، ئامادەیی ستافی وەزارەت و هەمو بەڕێوبەرایەتییەکانی دەربڕی بۆ هاوکاری و هەماهەنگی بەردەوام لەگەڵ ستافی بانکی نێودەوڵەتی بۆ کاری پێکەوەیی و زیادبونی شەفافیەت و بەرەوپێشبردنی سیستمی بانکی و دارایی لە هەرێمی کوردستان.