لە چوارچێوەی رێككەوتنێكی چین و عێراقدا "450 قوتابخانە لە هەرێم دروست دەكرێن"
  2023-03-09       271       

سۆران عومەر، ئەندامی پەرلەمانی عێراق ئاشكرایكرد، لە چوارچێوەی رێككەوتنی چین و عێراقدا بۆ دروستكردنی هەشت هەزار قوتابخانە، 450 قوتابخانە لە هەرێمی كوردستان دروست دەكرێن.

ئاوێنە: سۆران عومەر، ئەمڕۆ پێنجشەممە، لە راگەیەندراوێكدا وتویەتی، دوای دەستپێکردنی قۆناغی یەکەمی دروستکردنی هەزار  قوتابخانە بۆ پارێزگاکانی عێراق، داوای پشکی هەرێمی کوردستانمان کرد لەو هەشت هەزار قوتابخانەیەی کە لە رێکەوتنی نێوان عێراق و چین رێکەوتنی لەسەر کراوە.

ئەوەشی خستۆتەڕو، لەکۆبونەوەی ئەمڕۆی لیژنەی ئابوری و پیشەسازی و بازرگانیی پەرلەمانی عێراق لەگەڵ ناوەندی نیشتمانی بۆ ڕاوێژکردن لەوەزارەتی نیشتەجێکردن، پێیان راگەیاندین، لەو هەشت هەزار قوتابخانەیە، 450 قوتابخانەیان بۆ هەرێمی کوردستان دروست دەکرێن.

بەپێی قسەی ئەو پەرلەمانتارە، 450 قوتابخانەكەی هەرێمی كوردستان، بۆ هەر یەك لە پارێزگاكانی سلێمانی، هەولێر و دهۆك 150 قوتابخانە دەبێت بە تەواوی پێداویستییەكانەوە.

دروستكردنی ئەو قوتابخانانە بۆ هەرێمی كوردستان لە قۆناغی دوەمدا دەبێت كە بڕیارە لە 15ی 5ی ئەمساڵ لەلایەن سەرۆك وەزیرانی عێراقەوە دەستپێكردنی ئەو قۆناغە رابگەیەنرێت كە خۆی لە دروستكردنی سێ هەزار قوتابخانەدا دەبینێتەوە لەسەرتاسەری عێراق.

سۆران عومەر وتویەتی"هەر قۆناغێك بە ماوەی دو ساڵ تەواو دەكرێت."

 

زۆرترین بینراو
© 2023 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×