کامیل حاجی عەلی: کۆمیسیۆنی هەڵبژاردنی عێراق کۆنگرەی بزوتنەوەی هەڵوەشاندوەتەوە
  2023-03-11       690       

کێشمەکێشی نێوان عیرفان عەلی عەبدولعەزیز و کامیل حاجی عەلی لەسەر پۆستی ڕابەری گشتی بزوتنەوەی ئیسلامی بەردەوامە، هەردوکیان خۆیان بە ڕابەری بزوتنەوەکە دەناسێنن و بە جیا کۆبونەوە بە لایەنگرانی بزوتنەوە ئەنجام دەدەن، کامیل حاجی عەلی دەڵێت: کۆمیسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەکانی عێراق دوا کۆنگرەی حزبەکەیانی ڕەتکردوەتەوەو داوای لێکردون جارێکی تر کۆنگرە ببەستنەوە.

ئاوێنە: بزوتنەوەی ئیسلامی لە ڕۆژی 5/2/2022 کۆنگرەی 12ی لە شاری هەولێر بە بەشداری نزیکەی 639 ئەندام ئەنجام دا، کامیل حاجی عەلی تەنها کاندیدبو بۆ پۆستی ڕابەری گشتی و 265 دەنگی هێناو نەیتوانی 50 کۆی یەکی دەنگەکان بەدەست بهێنێت. بۆیە جارێکی تر عیرفان عەلی عەبدولعەزیز وەکو ڕابەری گشتی بزوتنەوە دەستبەکاربوەوە، هەرچەندە خۆی کاندید نەکردبو، بە پاساوی ئەوەی کۆنگرە ڕایسپاردوەتەوە و کامیل حاجی عەلی دەنگی پێویستی نەهێناوە، ئەمەش وایکرد بزوتنەوە پەرت ببێت.

کامیل حاجی عەلی کە خۆی وەکو ڕابەری نوێی بزوتنەوەی ئیسلامی دەناسێنێت، بە دەنگی ئەمەریکای وت"کۆمیسیۆنی عێراق بە دو نوسراو، کۆنگرەی 12ی بزوتنەوەی هەڵوەشاندوەتەوە، نوسراوی یەکەم لە ڕۆژی 2/3/2022 و نوسراوی دوەم لە ڕۆژی 6/12/2022 دەریکردوە و داوای ئەنجامدانەوەی کۆنگرەی کردوە."

ئەو وتیشی"ڕێگەپێدراوی بزوتنەوە 25/2ی ئەمساڵی بۆ بەستنەوەی کۆنگرە دیاریکرد، تا هەردولامان پێکەوە کۆنگرە ببەستین، بەڵام کۆنگرە دواخراوە و کاتەکەی دیاری نەکراوە، ئەو کات ئێمە ئامادەبوین بەشداربین لە ئەنجامدانەوەی کۆنگرەدا."

لە بارەی بڕیارەکەی کۆمیسیۆنی هەڵبژاردنەکانی عێراق بۆ ئەنجامدانەوەی کۆنگرە، عەبدوڵا وەرتێ وتەبێژی بزوتنەوەی ئیسلامی و کەسایەتی نزیک لە عیرفان عەلی عەبدولعەزیز، بە دەنگی ئەمەریکای وت"بزوتنەوەی ئیسلامی کۆنگرەی ئەنجامداوە و تێپەڕیوە، بڕیاری ئەنجامدان یان ئەنجام نەدانی کۆنگرە لای خودی بزوتنەوەی ئیسلامییە، هەر گرفتێکیش هەبێت خۆمان بە لێکتێگەیشتن لەگەڵ کۆمیسیۆن چارەسەری دەکەین."

عەبدوڵا وەرتێ وتەبێژی بزوتنەوەی ئیسلامی، وتی"ڕابەری بزوتنەوەی ئیسلامی مامۆستا عیرفان عەلی عەبدولعەزیزەو بە دەنگی زۆرینە هەڵبژێردراوە، کاک کامیل خۆی کاندید کرد و نەیتوانی پەنجا کۆی یەک بهێنێت، بۆیە کۆنگرە بە ناچاری مامۆستا عیرفانی هەڵبژاردەوە بۆ ئەوەی بۆشایی یاسایی دروست نەبێت."

دەربارەی ڕای یەکێتی و پارتی لەسەر کێشە نێوخۆییەکانی بزوتنەوەی ئیسلامی، کامیل حاجی عەلی وتی"نێوەنگیری کراوە، بەڵام ئەوان نەهاتونەتە پێشەوە، یەکێتی و پارتیش ڕۆڵی ئیجابییان هەبوە، پێیانوتوین، یەکڕیزی خۆتان بپارێزن و کێشەکانتان چارەسەر بکەن."

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×